کوردستان

11:12 - 29/10/2022

تیمی وه‌زاری پارتی بۆ قسەكردن لەسەر "كەموكورتیەكانی یەكێتی" سەردانی لایەنەكان دەکات‌

پەیسەر

شاندێكی وەزاری پارتی بۆ قسەكردن لەسەر "كەمومورتیەكانی یەكێتی" سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

 هەندرێن ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندیەكانی حزبی شیوعی كوردستان بە "زەمەن"ی وت" شاندێكی وەزاری پارتی لەكابینەی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ سەردانی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان دەكەن.

بەگوێرەی زانیاریەكانی "زەمەن" شاندەكە جگە لە یەكێتی و نەوەی نوێ سەردانی هەموو لایەنە سیاسیەكان دەكەن و ئامانج لەسەردانەكەش بۆ تاووتوێكردنی دۆخی سیاسی و دارایی هه‌رێمی كوردستان و كار و هه‌نگاوه‌كانه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم كارەكانی حكومەتە لە ئیدارەی سلێمانی.

شانده‌كه‌ی پارتی له‌ تیمی وه‌زاری ئه‌و حزبه‌ لە حکومەت پێكدێت، بە سەرۆکایەتی پشتیوان سادق و ئەندامییەتی ساسان عەونی، سەفین دزەیی و ئومێد سەباح.


ئەمڕۆ شەممە 29ی تشرینی یه‌كه‌م شانده‌كه‌ی پارتی سه‌ردانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ حزبی شیوعی کوردستان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەكەن.

هه‌روه‌ها سبەی یەکشەممە  له‌گه‌ڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان كۆببنه‌وه‌ و دواتر سه‌ردانه‌كانی ئه‌و شانده‌ بۆ لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
هەفتەی پێشووش شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی هەرێم و "تاكڕەوی"یەكانی پارتی سەردانی لایەنە سیاسیەكانیان كردوو هۆشداریان دابوو بەلایەنەكان كە ئەوان وەك یەكێتی چیتر تەحەمولی ئەو دۆخە سیاسیەناكەن كە پارتی  بۆ ئەوانی خولقاندووە.