11:15 - 28/10/2022
(8) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێشمەرگە ره‌وانه‌ی کۆبانێ كرا‌و باڵانسی شه‌ڕ گۆڕدرا
دوای ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستان ھەشت ساڵ بەر لەئێستا بڕیاڕی ره‌وانه‌كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌رگری له كۆبانی جێبه‌جێكرا.
له رۆژی 28ی 10ی 2022، زیاتر له 150 پـێشـمه‌رگه له هه‌رێمی کوردسـتانی عێراقه‌وه به‌ره‌و شاری کۆبانی به‌ڕێکه‌وتن.
وته‌بێژی ئه‌وكاته‌ی وه‌زاره‌تی پـێشـمه‌رگه هه‌ڵگورد حیکمه‌ت هه‌واڵه‌که‌ی بۆ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئه‌سۆشیه‌تد پـرێس ته‌ئكیدكرده‌وه‌و وتی به ده‌یان پـێشـمه‌رگه له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمه‌وه به فڕۆکه به‌ره‌و شارێـکی تورکیا ڕه‌وانه‌کراون و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و کۆبانی به‌ڕێده‌که‌ون.
له 2014 هه‌لومه‌رجه‌كه به‌جۆرێك بوودوای 134 رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەگەڵ رێکخراوی داعش، رووبەری نزیکەی 80%ی شاری کۆبانێ کەوتبووە دەستی ئەو رێکخراوە و بە هەزاران کەسیش لە ئەنجامی ئەو هێرشەی داعش ئاوارەببوون.
رۆژی 22ی تشرینی یەكەمی 2014 پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كانی هه‌رێم، بۆ تاوتوێیکردنی رەوشی کۆبانێ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ پەرلەمانی کوردستان بڕیاردرا بۆ رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ هاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاوا.
رۆژی 28ی تشرینی یەكەمی 2014 یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە، کە ژمارەیان 150 پێشمەرگە بوو، بە چەکی سووک و قورس بەرە و کۆبانێ بەڕێکەوتن و بە درێژایی رێگا لە باشوور، باکوور و تاگەیشتە رۆژئاوای کوردستان ھاووڵاتیانی کورد بە سروودی نیشتمانی و بە چەپڵەلێدانەوە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگە کرد، چونکە بەلای کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان رووداوی رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ رووداوێکی مێژوویی و دەگمەن بووە بە درێژایی خەبات و قوربانیدانی کورد بۆ رزگاری نیشتمانی.
لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە باڵانسی شەڕەکە گۆڕانی بەسەردا هاتوو، شەڕڤان و پێشمەرگە شانبەشانی یەکدی رووبەڕووی داعش بوونەوە، توانیان گردی کانی کوردان و گەڕەکی مەشتەل، کە دوا خاڵی رۆژهەڵاتی شارەکە بوون بەدەست چەکدارانی داعشەوە رزگار بکەنەوە و تەواوی ناوەندی شارەکە ئازاد بکەن.