کوردستان

09:08 - 10/10/2022

زانیاری له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌كه‌ی بارزانی و وه‌فدی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت‌

پەیسەر

ئه‌مرۆ دووشەممە مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی كۆبوه‌وه‌، به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كه‌ نه‌رێنی بووه‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان بریاریداوه‌ بەشداریی دانیشتنی داهاتوی پەرلەمان نه‌کات.

بەپێی زانیارییەکانی "په‌یسه‌ر" هەرچەندە لە کۆبونەوەکە جەختکراوەتەوە لەپشتیوانیکردنی داواکارییەکەی پارتی کە ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ پێش کۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێویستە یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێک رێکبکەون، به‌ڵام سەردانەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی پەرلەمان بە بارزانی راگەیاندوە؛ کۆبونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان ناچارییە کە تێیدا 172 پەرلەمانتار داوای کۆبونەوە و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکەن.

بارزانی لە وەڵامدا وتویەتی: لە ئێستاوە بە فراکسیۆنی پارتیمان وتووە کە بەشداریی کۆبونەوەیەک نەکات کە خواست و ئیرادەی لایەنێکی تێدا زاڵ بێت و ئەوان بە دوو کاندید ناچنە ناو ململانێ و پڕۆسەی هەڵباژردنی سەرۆک کۆمارەوە و لەم نێوەندەدا ئەوەمان لا ئاساییە کە بایکۆتی بەشداریکردن لە حکومەت هەڵبژێرین.

پێشتر باره‌گای بارزانی بڵاویكرده‌وه‌، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕێڕەوی دانوساندنەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ كرا. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر دیراسەكردنی ئەو بابەتە هەستیارانە و گەیشتن بە چارەسەر ڕێككەوتن، ئەویش بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی تایبەت بەم پرسە.