کوردستان

09:38 - 04/10/2022

جارێكی دیكه‌ سه‌در په‌یامی هه‌یه‌‌

پەیسەر

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ستایشی جێنین پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی كرد له‌سه‌ر وته‌كانی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، داواش له‌ وڵاتانی دراوسێی "ئازیز" ده‌كات هێرشه‌كانیان رابگرن.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، جێنین پلاسخارت، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ باره‌ی عێراقه‌وه وتارێكی‌ پێشكه‌ش كرد و ڕه‌وشی ئێستا به‌ مه‌ترسیدار ناوبردو وتی:‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان جگه‌له‌ تۆمه‌تباركردنی یه‌كدی هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌یان نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، كه‌چی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان شكستیان هێناوه‌ له‌ دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆیان.


له‌سه‌ر وتاره‌كه‌ی، موقته‌دا سه‌در تویتێكی بڵاوكرده‌وه‌ نوسیویه‌تی ئه‌وه‌ی پلاسخارت وتی، هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كان له‌ عێراق گه‌نده‌ڵییه‌، وته‌یه‌كی راسته‌ و پشتیوانی ده‌كه‌ین، به‌ڵام چاكسازی به‌ ده‌موچاوی مۆن و حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانی پێشوو ناكرێت، بۆیه‌ داوای گۆڕینی ئه‌و ده‌موچاوانه‌مان كردووه‌.


سه‌در، وتیشی: كێشه‌كه‌ هه‌بوونی چه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، پێویسته‌ ئه‌و چه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌مێنێت و به‌كارنه‌هێنرێت بۆ له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕان و به‌رهه‌ڵستكاران و چه‌سپاندنی ره‌گوڕیشه‌ی ده‌وڵه‌تی قووڵ. به‌ تایبه‌تی كاتێك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رووبه‌ڕووی فشارێكی زۆر بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌و چه‌كدارانه‌ ملكه‌چی نابن.


له‌ باره‌ی هێرش و بۆردومانه‌كانی توركیا و ئێرانه‌وه‌، سه‌در نوسیویه‌تی لێره‌وه‌ داوا له‌ وڵاتانی "دراوسێی ئازیز" ده‌كه‌م، رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق بگرن و پارێزگاری له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌ به‌ رێگه‌ی دیپلۆماسی و گفتوگۆ بكه‌ن.
سه‌در دژایه‌تی خۆی بۆ داواكارییه‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌ربڕیوه‌ كه‌‌ داوایان ‌كردووه‌ حكومه‌ت پێكبهێنرێت، ئه‌و ده‌ڵێت: زۆر حكومه‌ت پێكهێنراوون و زیانیان به‌ نیشتمان و گه‌ل گه‌یاندووه‌.