08:04 - 04/10/2022
پەرلەمان بۆچی تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە؟
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
لەبارەی هۆكاری خۆدرێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، لە پێشنیازە یاساكەدا هاتووە، بەمەبەستی رێگریكردن لەدروستبوونی بۆشایی یاسای و دەستوری و پاراستنی یەكڕیزی نیشتیمانی و ئامادەكاری زیاتر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەم یاسایە دەركرا.
بە پێی ئەو پێشنیازەیاسایەی کە 85 پەرلەمانتار واژوویان کردووە، پەرلەمانی کوردستان تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لە سەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام بێت.
دەقی پێشنیازە یاساکە:
ماددەی (١)
یەکەم: وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق کە لە 6/11/2022 کۆتایی دێت و، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لە سەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام بێت.
دووەم: پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، پێش کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ـی ئەو ماددەیەدا هاتووە، ئەنجام بدرێت.
ماددەی (٢)
کار بە هیج دەقێکی یاسایی یان بڕیارێک ناکرێت کە پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە بێت.
ماددەی (٣)
ئەو یاسایە لە رۆژی دەنگدان لەسەری، جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان)ـدا بڵاو دەکرێتەوە.