کوردستان

12:15 - 29/09/2022

ئایا سیناریۆكه‌ی موجاهیدينی خه‌لق دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟‌

پەیسەر

هێرش و په‌لاماره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چه‌ند مه‌رام و ئامانجێكیان له‌ پشته‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێت سێ خاڵ وه‌ك ئامانجی دیار و سه‌ره‌كی دیاریبكرێن.


یه‌كه‌م: كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یه‌وێت خۆپیشاندان گرفته‌‌ ناوخۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات و وا وێنای بكات كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ناوخۆدا ڕووده‌دات ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و خۆڕسك نیه‌.


دووه‌م: كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یه‌وێت به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات، دیمه‌نه‌كه‌ بشێوێنێت و له‌ پرسی ئازادییه‌وه‌ بیگۆڕێت بۆ ململانێی نه‌ته‌وه‌یی و وانیشانی بدات، شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراودایه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی لێكترازان و پێكدادان له‌ نێوان گه‌لانی ئێران بێته‌ كایه‌وه‌، له‌ كاتێكدایه‌ زیاتر له‌ 10 رۆژه‌ سه‌رجه‌م گه‌لانی ئێران پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قامن و ده‌نگی ناڕه‌زاییان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌.

 

سێیه‌م: ئامانجی دوورمه‌ودای ئێران دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی موجاهیدنی خه‌لقه‌ به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بنكه‌وباره‌گایان هه‌یه‌، ئێران ده‌یه‌وێت له‌ به‌غدا  حكومه‌تێكی لاواز و نزیك له‌ خۆی پێكبهێنرێت و نه‌توانێت له‌ ژێر فشاره‌كانی ده‌ربچێت و بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌ كوردییه‌كانی به‌ زۆر پێده‌ربكات.

 

موجاهیدینی خه‌لقی ئێران، ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامی و چەپڕۆیە و خاوەنی پێکهاتەیەکی نیمچە سەربازییە، لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٦٥ دامه‌زراوه‌ و دژبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران بوون، لە ئەیلوولی ١٩٨٠ ڕوویان لە عێراق کرد و بە هاوکاری لەگەڵ سوپای بەعسی عێراق دەستیان کرد بە شەڕ لە دژی ئێران و له‌سەربازگەی ئەشرەف له‌ نزیك دیاله‌ نیشته‌جێبوون، ساڵانی دوای 2003 به‌ فشاری ئێران له‌ عێراق ده‌ركران.