کوردستان

11:49 - 17/01/2019

ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌كه‌ی مالكی و بارزانی‌

پەیسەر

 شەوی رابردوو( چوارشه‌ممه‌) نوری مالكی و مەسعود بارزانی پەیوەندیەكەی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و پەیسەرپرێس ناوەرۆكەكەی ئاشكرا دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەوتووە، شەوی رابردوو نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لەپەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا مالكی جارێكی تر سوپاسی بارزانی كردووە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغداد و بەبڕیارێكی ئازایانە وەسفی كردووە.

هەروەها داواشی لەبارزانی كردووە فراكسیۆنی حزبەكەی رابسپێرێت كە لەكاتی دەنگداندا دەنگ بەفالح فەیاز كاندیدی وەزیری ناوخۆ بدەن، بارزانیش بەڵێنی پێداوە كە دەنگ بە كاندیدەكەیان بدەن.

بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرچاوەكە بارزانی و نوری مالكی جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوولا كردۆتەوە و بەڵێنیشیانداوە كە لەداهاتوودا هاوكاری زیاتری یەكتر بكەن و فراكسیۆنەكانیشان هەمەهەنگی لەنێوانیاندا دروست بكەن.

ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونییه‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ لەماوەی رابردوو چەند گفتوگۆو كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی پارتی‌و حیزبی دەعوە كراوە، ئەوەش بەئامانجی نزیكبوونەوەی زیاتری هەردوولا.

هەر بەپێی زانیارییەكان، گفتوگۆو كۆبوونەوەكان دوور لەچاوی میدیاكان ئەنجامدراوەو بڕیارە ئەو كۆبوونەوانەش بەردەوامی هەبێت، بۆ ئەوەی هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوو حیزب لەعێراق‌و هەرێمی كوردستان ببێتە ئاراوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە دواین كۆبوونەوەی هەردوو حیزب، كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتی‌و لیستی دەوڵەتی قانوون بووە لەپەرلەمانی عێراق‌و لەكۆبوونەوەكەش هەردوولا رێككەوتوون بۆ تێپەراندنی پرۆژە یاساكان لەناو پەرلەمان هەماهەنگییەكانیان زیاتر بكەن.