11:36 - 17/01/2019
یەكێتی پێشنیازێكی مەسعود بارزانی لەبارەی مەلا بەختیارەوە رەتكردووەتەوە
یەكێتی نیشتمانی كوردستان نایەوێت كار بۆ ئاشتكردنەوەی مەلا بەختیار بكاتو دەیەوێـت خۆی لەهەڵوێستی زویربوونەكەی پاشگەزبێتەوەو بگەڕێتەوە كۆبوونەوەكان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بەپەیسەر پرێس، لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، قسە لەسەر مەلا بەختیار، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە كراوە، كە ماوەیەكە زویر بووەو بەشداری كۆبوونەوەكان ناكات.
مەلا بەختیار لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە لەیەكێتی زویرو نیگەران بووەو بەو هۆیەشەوە چووەتە ماڵەوە دانیشتووە، كە هۆكارەكەشی ئەوەبوو، لەلایەن سەركردایەتی حیزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید نەكرا.
هەر بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، باس لەوە كراوە، كە مەلا بەختیار خۆی زویرو نیگەران بووەو بیانوەكەشی لاوازەو دوای ئەوەی چەند جارێك داوای گەڕانەوەی لێكراوەو رەتیكردووەتەوە، بۆیە چیتر پێویست نییە كار بۆ گەڕانەوەی بكەنو دەبێت خۆی بگەڕێتەوە.
پەیسەرپرێس پێشتر ئەوەی بڵاوكردبووەوە، كە پارتی دیموكرات كار بۆ ئەوە دەكات مەلا بەختیار بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتیو ئەو حیزبەش بیكاتە ئەندامی شاندنی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، پارتی لەو بارەوە لەهەوڵەكانی بەردەوامەو ماوەی رابردوو مەسعود بارزانی بۆ ئەو پرسە هاتووەتە سەر هێڵو لەكۆبوونەوەیەكی لەگەڵ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، داوای كردووە، كە كار بۆ گێڕانەوەی مەلا بەختیار بكەن.
پەیسەر پرێس ئەوەشی زانیوە، كە بارزانی بە دەربازی وتووە، بەكۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بڵێت، كاربكات بۆ گێڕانەوەی مەلا بەختیارو دوای ئەو داواكارییە لەكۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی باسی ئەو پێشنیازە كراوە، بەڵام هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە بووە، مەلا بەختیار دەبێت خۆی بگەڕێتەوە.