07:55 - 16/01/2019
ئەنجامی گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ یەكێتیو گۆڕان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان
گفتوگۆكانی ئەم دواییەی پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان، تاڕادەیەك ئەنجامداربوون، ئەوەش بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.
پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رۆژانی دوو شەممەو سێشەممە گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیو بزووتنەوەی گۆڕان بەرێوەبرد، كە بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس، گفتوگۆی ئەمجارە پێچەوانەی جارانی داهاتوو ئەنجامدراربوون.
هەر بەپێی زانیارییەكان، كە پەیسەر پرێس لەزیاتر لەسەرچاوەیەكی تری ناو كۆبوونەوەكان دەستیكەوتووە، ئەنجامی گفتوگۆكانیش ئەوە بووە، لایەنەكان قسەیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەتایبەتی پۆستە باڵاكان كردووەو تارادەیەكیش لەو بارەوە گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی سەرەتایی.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە، كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدرێت بەكاندیدی پارتی دیموكرات، كە نێچیرڤان بارزانییە، جێگرەكەشی بۆ كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بێت.
هەروەها پەیسەرپرێس زانیویەتی، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش بۆ پارتی دیموكرات دەبێت، كە مەسرور بارزانی بۆ كاندید كردووەو جێگرەكەشی بۆ یەكێتی نیشتمانی، كە قوباد تاڵەبانی بۆ كاندید دەكرێت.
لەبارەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نیشتمانی دەبێتو بێگەرد تاڵەبانی، یان رێواز فایەق كاندید دەبن بۆ ئەو پۆستە، هەروەها جێگری یەكەمیشی بۆ پارتی دیموكرات دەبێتو هێمن هەورامی كاندید دەكرێت بۆ ئەو پۆستە، جێگری دووەمیشی رەنگە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت.
هاوكات بۆ دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان، لێكتێگەیشتنەكە بەشێوەیەكە، كە پارتیو یەكێتی وەزارەتە ئەمنیو ئابوورییەكانی وەك پێشمەرگەو ناوخۆو داراییو سامانەسروشتییەكان لەنێوان خۆیان دابەشبكەنو دواتریش لەسەر دروستكردنی چەند لیژنەیەك رێككەوتوون، بۆ ئەوەی لەسەر وردەكارییەكانی تری پێكهێنانی حكومەت رێككەوتن بكەن.