09:23 - 03/07/2022
سەربرینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان و سەرشەقامەکان و بناری گۆیژە قەدەغەیه
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی چەند بریارو رێنمایەکی نوێ بۆ رۆژانی جەژنی قوربان دەردەکات، لە نێوانیشیاندا سەربرینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان و سەرشەقامەکان و بناری گۆیژە قەدەغە دەکات.
بەمەبەستی خۆئامادەکردن و پێشوازیکردن لە رۆژانی جەژنی پیرۆزی قوربان، ئەمرۆ یەکشەمە ٣/٧، لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە دیوانی قایمقامیەت بە سەرپەرشتی ئاوات محهمهد، قایمقامی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرێوەبەر و نوێنەرانی دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبونەوە، لە کۆبوونەوکەدا باس لە چۆنیەتی گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی کرا بۆ رێگریکرن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا و پەتای خوێنبەربوون، بۆ ئەوەی تەندروستی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی پارێزراوبێت و هاوڵاتیان بتوانن بە بەبێ گرفت لە رۆژانی جەژندا قوربانیەکانیان ئەنجامبدەن.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەو هەنگاوانە کرا، کە پێویستە لە رۆژانی جەژن بگیرێنەبەر بەمەبەستی پێشوازی کردن لەو گەشتیارانەی کە چاوەروان دەکرێت بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان روو لە شاری سلێمانی بکەن.
هەر بۆیە لە کۆتایی کۆبونەوەکە لیژنەکە بریاریدا بە:
یەکەم: سلێمانی بە رووی گەشتیاراندا کراوە دەبێت.
دووەم: کوشتارگاکانی سلێمانی لە رۆژانی جەژن بەردەوام کراوە دەبن، تاوەکو هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بتوانن قوربانیەکانیان لە کوشتارگاکان ئەنجام بدەن.
سێیەم: سەربرینی ئاژەڵەکان بەپێی رێنماییەکانی بەرێوەبەرایەتی ڤێتیرنەری سلێمانی دەبێت و ئاژەڵەکان پێش سەر برین پشکنینیان بۆ ئەنجام ئەدرێت و دوای سەربرینیش پشکنین بۆ گۆشتەکەی ئەنجام ئەدرێت.
چوارەم: فرۆشتن و سەربرینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان و سەرشەقامەکان و بناری گۆیژە قەدەغە دەبێت، هەرکەسێک ئەنجامی بدات رێکاری یاسای لەگەڵدا دەگیرێتە بەر.
پێنجەم: لیژنە هاوبەشەکان بە هاوکاری هێزە ئەمنیەکان بەردەوام دەبن لە گەران و چاودێریکردن، تاوەکو سەرجەم بازار و دوکان و شوێنە گەشتیاریەکان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و پەتا گوازراوەکان بکرێن.