کوردستان

11:18 - 01/07/2022

ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان پرۆژه‌یه‌كی نوێیان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ داوه‌ته‌ به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی‌

پەیسەر

له‌سه‌ر یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه،‌ جارێكی تر هاوپه‌یمانان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا پارتی و یه‌كێتیان كۆكرده‌وه.‌
جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ‏هاوپه‌يمانان له‌ عيراق و سوريا و شاندێكى باڵاى سه‌ربازيى ياوه‌رى، لەگەڵ  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتى کۆبوەوە.

هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانان لە نوێترین کۆبوونەوەدا  نیگەرانی خۆیان گەیانده‌ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و داواى یەکخستنەوەى هێزەکانیان لێ کردوون.
بەپێى زانیارییەکان، هاوپەیمانان دواى چەندین داواکارى و فشار بۆیەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە، ئەمجارە پڕۆژەیەکى نوێیان داوەتە هەردوو لایەنى پارتى و یەکێتى بۆ جێبەجێکردنى هەنگاوەکانى یەکخستنەوە.

له‌به‌رامبه‌ردا بەرپرسانى باڵاى یەکێتى و پارتى لە کۆبوونەوەکەدا، لەبرى گفتوگۆکردنى جدى لەسەریەکخستنەوەى هێزەکان، باسیان لە رێگریه‌كانی بەردەمى ئەو پرسە کردووە و باسیان لە بوونى هێزى شەخسیش بۆ هاوپەیمانان کردووە.

سێشه‌ممه، 28ی حوزه‌یرانی 2022، له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆبونه‌وه‌كه‌ كرا و تێیدا بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و ‏ وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ و سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌يه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ و پله‌دارانى ‏پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بوون، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دوايين هه‌نگاوه‌كانى ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه و پێشنيارێكى ئه‌مه‌ريكييه‌كان ‏له‌مباره‌يه‌وه،‌‌ تاوتوێ كران.‏

به‌پیی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان ‏دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتگيرى و هاوكارييه‌ى له‌ كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا و ئێستاش ‏پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ پشتگيريى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و ‏حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پرۆسه‌ى چاكسازيى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.‏

لاى خۆيه‌وه‌  جه‌نه‌رال برێنان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا له‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى ‏پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌ك فه‌رمانده‌ييدا ‏كۆبكرێته‌وه‌ و بكرێته‌ هێزێكى نيشتمانيى پیشه‌گه‌ر كه‌ به‌ هێز و توانا بێت و بتوانێت ئه‌ركى خۆى ‏جێبه‌جێ بكات. ‏

دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و پێويستيى هاريكاريى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى ‏عيراق و به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏