کوردستان

01:32 - 29/06/2022

له‌سه‌ر حسابی كورد.. تورکیا بە ئەندامێتى سوید و فینلەندا لە ناتۆدا رازی بوو‌

پەیسەر

له‌پێشهاتێكی نوێدا تورکیا بریاریدا پشتیوانى لە ئەندامبونى هەردو وڵاتى سوید و فینلەندا بکات لە ناتۆدا، ئەوەش لە چوارچێوەى رێککەوتنێک لە نێوان هەرسێ وڵاتدا کە سوید و فینلەندا رازى بون رێگرى لەو رێکخراوانە بکەن کە لە دژى تورکیا لە وڵاتەکانیان کاردەکەن، ژنە کوردى پەرلەمانى سوید ئامینە کاکە باوە، لە رێککەوتنەکە نیگەرانە.

لە چوارچێوەى لوتکەى ناتۆدا لە ئیسپانیا، دوێنێ سێشەممە، سەرۆک و سەرۆک وەزیرانى هەرسێ وڵاتى تورکیا و سوید و فینلەندا بە ئامادەبونى سکرتێرى گشتى ناتۆ کۆبونەوە، ئەوەش بۆ رازیکردنى ئەنقەرا و دەستپێکردنى پڕۆسەى ئەندامێتى ئەو دو وڵاتە لە ناتۆدا.

لە دواى کۆبونەوەکەش، یەنس ستۆلتنبەرگ سکرتێرى گشتى ناتۆ، رایگەیاند: تورکیا رازیبوە بە ئەندامێتى سوید و فینلەندا لە ناتۆدا.

 هەر لە چوارچێوەى رازیکردنى تورکیادا، بەیاننامەیەکى هاوبەشى تورکیا و سوید و فینلەندا بڵاوبویەوە و تێیدا هاتووە کە سوید و فینلەندا دڵنیایى دەدەن بە تورکیا کە رێگرى لە هەموو کار و چالاکییەکانى پەکەکە و هەر رێکخراوێکى "تیرۆریستى"، لە وڵاتەکانیان قەدەغە بکەن و هەروەها کار دەکەن بۆ رەوانەکردنەوەى ئەو کەسانە بۆ تورکیا و لە چوارچێوەى هەواڵگریدا هاوبەشى یەکترى دەکەن.

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ئەنقەرا کە سوید و فینلاندا رازیبون پێى، هەڵگرتنی گەمارۆی چەکە لەسەر تورکیا.

لەدواى بڕیارەکە و رازیبونى تورکیا بە ئەندامێتى ئەو دو وڵاتە لە ناتۆدا، ئامینە کاکە باوە، ژنە کوردى پەرلەمانتارى سوید یەکەم کاردانەوەى خۆى پیشاندا و رایگەیاند: نیگەرانم سوید خۆى رادەستى داخوازییەکانى تورکیا کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر تورکیا بە توندى ناڕازیبو لە بە ئەندامبونى هەردو وڵات لە ناتۆدا، ئەردۆغان رایگەیاندبوو، بۆیە ڤیتۆیان لەسەر ئەو دو وڵاتە هەیە چونکە پشتیوانى تیرۆر دەکەن.