کوردستان

05:01 - 25/06/2022

هۆشیار زێباری: ده‌یانه‌وێت چۆك دابده‌ین‌

پەیسەر


هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێیوایه‌ هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان بۆ سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتی و غازییه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم چۆك دابدات.

دوای هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر، هۆشیار زێباری، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: موشه‌كبارانكردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، ناحیه‌ی خه‌بات و كۆمه‌ڵگه‌ی كۆرمۆر له‌ ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌م له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، راستیه‌كی ساده‌ پێشتراده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێزه‌ میلیشیاكانی به‌غدا جیاوازی له‌ نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن.

هۆشیار زێباری، پێیوایه‌ ئامانج له‌هێرشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان  چۆك بۆ سوڵتانه‌كانیان دابدات.

ئه‌مرۆ 25ی حوزه‌یران، بۆ سێیه‌مجار له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌كدا هێرشكرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌كه‌، هێرشی یه‌كه‌م چوارشەممەى رابردوو كاتیۆشایه‌ك ئاڕاسته‌ی كێڵگه‌كه‌ كرا و دوێنێ هه‌ینی 24ی حوزه‌یران موشەکێکی جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی کامپی مانەوەی کارمەندەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کراو زیانی گیانی و مادی لێنه‌كه‌وته‌وه‌.

کێڵگەی غازی کۆرومۆر، دەکەوێتە ناوچەی قادر کەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ و نزیکە لە شاری کەرکوکەوە، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا ده‌كات.