کوردستان

06:11 - 16/01/2019

بارزانی زیاتر لەمالیكی نزیك دەبێتەوە‌

پەیسەر

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت زیاتر لەنوری مالیكی ئەمیندای حیزبی دەعوەی عێراقی نزیك ببێتەوە، بۆ ئەوەش چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو پارتی دراوە بە پەیسەرپرێس، لەماوەی رابردوو چەند گفتوگۆو كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی پارتی‌و حیزبی دەعوە كراوە، ئەوەش بەئامانجی نزیكبوونەوەی زیاتری هەردوولا.

هەر بەپێی زانیارییەكان، گفتوگۆو كۆبوونەوەكان دوور لەچاوی میدیاكان ئەنجامدراوەو بڕیارە ئەو كۆبوونەوانەش بەردەوامی هەبێت، بۆ ئەوەی هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوو حیزب لەعێراق‌و هەرێمی كوردستان ببێتە ئاراوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە دواین كۆبوونەوەی هەردوو حیزب، كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتی‌و لیستی دەوڵەتی قانوون بووە لەپەرلەمانی عێراق‌و لەكۆبوونەوەكەش هەردوولا رێككەوتوون بۆ تێپەراندنی پرۆژە یاساكان لەناو پەرلەمان هەماهەنگییەكانیان زیاتر بكەن.

پارتی، كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات 25 كورسی لەناو پەرلەمانی عێراق هەیەو دەوڵەتی قانوونیش خاوەنی 21 كورسی پەرلەمانییە، كە ماوەی رابردووش لەسەرو بەندی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، هەردوولا چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

دوای كۆبوونەوەكەی نێوان فراكسیۆنەكانی پارتی ‌و دەوڵەتی قانوون، خەلەف عەبدولسەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی قانوون، رایگەیاند، پەیوەندییەكی مێژوویی لەنێوان پارتەكەو پارتی دیموكرات هەیە، بۆیە دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە بەردەوامی هەبێت.

خەلەف لەمیانی بەیاننامەیەك راشیگەیاندووە، دەوڵەتی یاساو پارتی لەپێناوی یەك ئامانج لەعێراق دروست بوون، ئێستاش لەسەر ئەو ئامانجە بەردەوامن، بۆیە دەبێت هەماهەنگی‌و پەیوەندی نێوانیان بەردەوامبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەساڵی 2013و ساڵانی دوایی كێشەو ناكۆكی زۆر كەوتە نێوان مالیكی‌و بەرزانی‌و لەو چوارچێوەیەش چەندین لێدوانی توندیان لەدژی یەكتریدا، بەڵام دواتر بەهەوڵەكان گرژییەكانی نێوانیان ئاسایی كرایەوە.