04:50 - 31/05/2022
وەزیرى دارایی لەگەڵ بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا کۆبووەوە
بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد و دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمیان تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئایاری 2022، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە (دو تاينتواتچ) بەرپرسی بەشی سیاسی-ئابووری و (سێث پاچ) سەرۆکی یەکەی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، کرد.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكە، شاندی میوان دوا پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکانیان لە دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم تاوتوێکرد.
ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری باسی لەوەکرد سەرەڕای دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نابێت لەبیرمان بچێت کە لەسەرەتای ساڵی 2013 وە حکومەتی ناوەندی عێراق گەمارۆیەکی ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە.
وتیشی: "بەڵام دڵخۆشین بەوەی لە هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک هەیە بۆ بەرەو پێش چوونی چاکسازی سەرتاسەری".
لای خۆشیەوە، شاندی میوان پرسیاری ئەوەیان ئاراستەی وەزیری دارایی و ئابووری کرد، کارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری چۆن بەرەو پێشدەچێت؟ لەوەڵامدا وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: "بەهەموو ئاستەنگەکانەوە هەوڵی تەواومان داوە بە کەم کردنەوەی ڕۆتین و بە ئەلیکترونی کردنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی سەر بەوەزارەتمان، ئەمەش جێگەی دڵخۆشیە بۆ هاوڵاتیان".
هاوکات ئاوات جەناب نوری ئەوەشی دووپاتکردەوە: "لە دواهەمین هەولماندا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای بانکەکان بڕیارە لە کەمترین ماوەدا موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی کارت موچەکانیان وەربگرن".
لە کۆتایدا شاندی میوان پشتگیری خۆیان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری دەربڕی و ئاماژەیان پێدا کە بۆ هەموو سێکتەرەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری پاڵپشت دەبین، لە پێناو سەرخستنی حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەتایبەتی.