کوردستان

06:28 - 22/05/2022

ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌

پەیسەر


سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکەن و دۆخى سیاسى و ئابورى و خزمەتگوزاریى تاوتێ دەکەن، بۆ گەیشتن بە رێگە چارەى نێوان لایەنە سیاسیەکان لەپێناو روبەڕوبونەوەى ئەو هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆى و دەرەکییانەى روبەڕوى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە.

دوا نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە (22/5/2022)، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى شاندى سەرۆکایەتى هەرێم کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم ئامادەى بون سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد لە شارى سلێمانى و لەلایەن عومەر سەید عەلى و ژمارەیەک لە ئەندامانى جڤاتى نیشتیمانییەوە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبونەوەکەدا دۆخى سیاسى و ئابورى و خزمەتگوزارى تاوتوێکرا بۆ گەیشتن بە رێگە چارەى نێوان لایەنە سیاسیەکان بۆ روبەڕوبونەوەى ئەو هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆى و دەرەکییانەى روبەڕوى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە.

دواى کۆبونەوەکە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان ئاماژەى بە ناوەڕۆکى سەردانەکە کرد و ئەوەى خستەڕو کە لایەنەکان جەختیان لە پێویستى لێکتێگەیشتن و یەکڕیزى کردوەتەوە و وتیشى: پێویستە بەبایەخەوە گوێ لەو پرسانە بگرین کە پەیوەستە بە قەوارەى هەرێم و کارى لەسەر بکەین بۆئەوەى لێکتێگەیشتن لە هەرێمى کوردستان دروست بکەین بۆئەوەى خەڵک نیگەران نەبێت".

لاى خۆیەوە دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند: کۆبونەوەیەکى راشکاومان لەگەڵ شاندى سەرۆکایەتى هەرێم ئەنجامدا و بە راشکاوى داوا و نیگەرانییەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستانمان لەگەڵ تاوتوێ کردن، وەک بەشێکى گرنگ لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن بۆئەوەى بە زویی بەدەنگ چارەسەرى کێشەکانەوە بێن پێش ئەوەى بازنەى ناڕەزایەتى خەڵک بەرامبەر دامەزراوەکانى هەرێم فراوانتر بێت".