کوردستان

04:04 - 17/05/2022

راگه‌یه‌ندراوی مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارێزگارو سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان‌

پەیسەر

مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند: ئەمڕۆ سێشەممە ١٧\٥ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەکان و كورتهێنانی مووچە وگرفتە داراییەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕینی كردووه‌.


لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بووه‌، مه‌سرور بارزانی ئاماژەی به‌وه‌كردووه‌، ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین درووستبووە تایبەت بە کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.


لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ‌جە‌ختكرایە‌وە‌ كە‌؛ ئەرکی لە پێشینەی حکومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە وبژێوی هاوڵاتیان، و حکومەت بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات وئەرک وبەرپرسیارێتی کابینەکەشە چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا وناوچەیەکی هەرێم بێت. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌.


پاشان هۆکارەکانی کورتهێنان و کێشە داراییەکان و پێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا و ژمارەی پێویست خراونەته‌ڕوو، مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت: ئامادەبووانی کۆبونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیان کردەوە کە؛ حکومەتی هەرێم بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێم دەکات وبەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە کە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەک یەک دابین بکرێت و ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە.


بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردراوه‌ بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجیەکی دیکە و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواو کردنی بوودجەی پێویستی ئەم مانگە.

 


لە هەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی وئابووری و ناوخۆ بە هەماهەنگيی پارێزگاکانی سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین وسەرجەم دامەزراوە دارایی وبانکییەکان بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان سەبارەت بە داهاتە گشتیەکان وگەیشتن بە ڕاست ودروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.

 


لەکۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆو دارایی وئابووری و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەی بوون.