کوردستان

01:30 - 15/05/2022

حکومەتى عێراق ٢٠٠ ملیارەکەى بۆ هەرێم نارد‌

پەیسەر


سه‌رۆكى نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، 200 ملیار دیناری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، له‌ به‌غداوه‌ بۆ هەولێر نێردرا.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند: "پاش تەواوکردنی ڕێکارەکان، ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15/5/2022، 200 ملیارەکەی هەرێمی کوردستان، بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندی نێردرا".

به‌پێى زانیارییه‌كان، پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی ناردنی 200 ملیار دینارەکەی دابوو.

پێشتر عالییە نوسەیف پەرلەمانتاری دیاری دەوڵەتی یاسای نوری مالکیی رایگەیاند، بەغدا لەپاش مانگی 5 ەوە ئەو 200 ملیارە دەبڕێت کە مانگانە بۆ ھەرێمی کوردستانی وەک مینحە دەینارد.

وتیشى، لە پاش دەرکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نادەستووریبوونی فرۆشتنی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوت پێشنیازی دروستکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی کردوە کە بارەگای سەرەکی لەھەولێر بێت و حکومەتی عێراق سەرپەرشتی بکات، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەتیکردۆتەوە، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەیە کە بەغدا بڕیاریداوە ئیدی ھیچ بڕە پارەیەک نەنێرێت.