کوردستان

12:49 - 12/05/2022

زانیاری نوێ‌ لەسەر ناردنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا‌

پەیسەر

كاوە ڕەش

‎دوابەدوای بڕیارو پلانی ناردنی كۆچبەرە نێرینە سەڵتەكان، ئەوانەی لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، بەڕێگای نایاسایی گەیشتونە بەریتانیا ترس و دڵەڕاوكێ كەوتۆتە نێو پەناخوازان.



‎لەدواین گۆڕانكاریەكانیشدا لەسەر ئەو پرسە، دووشەممەی ڕابردوو، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندوە، لەم هەفتەیەدا، یەكەم گروپی پەناخوازان ئاگادار دەكرێنەوە، لەوەی دیپۆرتی ڕواندا بكرێن. هەرچەندە وەزێر دەڵێ، پرۆسەی ناردنی پەناخوازان ڕەنگە كەمێك زیاتر بخایەنێت لەوەی چاوەڕێ دەكرێ، بەهۆی ڕێكارو ئاڵانگاریەكانی ڕێكخراوەكانی پاراستنی مافی مرۆڤەوە. 


‎هاوكات پڕۆژە یاسای پاراستنی سنور، كەماوەیەكی كەم لەمەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند كراو دواتر شاژن واژووی لەسەركردوە، حوكمەت دەستكراوەو بەهێز دەكات، لەناردنی پەناخوازان بۆ دەرەوەی بەریتانیا، تاپرۆسەی مافی پەناهەندەییان یەكلای دەكرێتەوە.


‎لەسەر ئەو ڕەوشەی ئێستا، كەبەشێك لەپەناخوازە، تازەكانی بەریتانیا تێكەوتون و تێدا ڕاڕاو نیگەرانن، ئێمە ڕاو سەرنجی بەشێك لەوانمان وەرگرتوە لەو هۆتێلانەوەی لێی نیشتەجێن .


‎محەمەد عەبدوڵا، پەناخوازێكی كوردستانی عێڕاقەو لەسەرەتای ئەم ساڵەوە پەڕیوەتەوە بەریتانیا، ‎ئەو نیگەرانی خۆی دەربارەی پلانی ناردنی پەناخوازان دەردەبڕێ‌ و پێی وایە، بریارێکی زۆر نالۆژیکیانەیە، بەبۆچونی ئەو كەدەڵێ، ئەوەی بیستومەو خوێندوومەتەوە، بەئاشکرا دیارە کەبەرپرسانی ھەردوو وڵاتی رواندا —بەریتانیا، دەیانەوێ بازرگانی بەگیانی ئێمەوە بکەن و  ئامانجیان تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیانە.

‎دەربارەی ئەوەی بۆ بەناو ئەو هەموو وڵاتانەی ئەورپادا تێپەڕیوە تەنها بەریتانیای هەڵبژاردووە؟

ئەوكوردە دەڵێ: من بەووڵاتەكانی دیكەدا نەهاتووم و بەبڕیاری خۆم نەبووە، بەڵكوو قاچاغچیەكانی ئەوروپا، منیان گەیاندۆتە بەریتانیا. دەربارەی ئەوەی ئەگەر پلانەكە بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە ئامادەی بچیت بۆ ئەفریقا، یان گەڕانەوەت بۆ ووڵاتەكەت؟


محەمەد عەبدوڵا دەڵێ، ‎ھەتا بڵێی بریارێکی دژە ئینسانەیە ،ھەر بۆیە زۆر ئازارم دەدات،  لەوكاتەوەی  ئەو هەواڵە بڵاوبۆتوە، توشی بارێكی دەروونی ناجێگیربووین، بۆ منش ھیچ فەرقی نیە بم گەڕێنەوە بۆ ژێر دەستی دەسڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، یان ڕواندای ئەفریقا.
‎دواجاریش ئەگەر بریارەکە جێ بە جێ بکرێت، ئەوا رەنگە من قەد ئامادە نەبم بچم بۆ رواندا.من خوێندكاری زانکۆ بووم لەبەشی سیاسەت و توێژینەوەم کردووە، زانیاریم دەربارەی رواندا هەیە، دەزانم كەچەند ووڵاتێكی خراپە. لەڕابردوودا، گەورەترین جینۆسایدی تێدا ئەنجامدراوە. ھەروا پێم وا لەجیاتی ئەوەی پارە بۆ ناردنمان سەرف بكەن بۆ ئەفریقا، ئەوپارەیە بدەنە پانابەر بەڵكو بۆ خۆی بگەرێتەوە ووڵاتەكەی.

ئەو پەنابەرە، دەشڵێت: ‎كەسانی وەك ئێمە لەدەست ناعەدالەتی جووت بنەماڵە فەرمانڕەواكەی هەرێمی كوردستان هەڵاتون، چەندین ڕێگای پڕمەترسیمان بڕیوەو بەقەرزو بەفرۆشتنی موڵك و ماڵی كەسوكارمان گەیشتوینە ئێرە، تابتوانین ژیانێكی شەرفمەندانە بنیادبنێن. بەڵام بەداخەوە خەریكە هەمووشتێك بەرەو چارەنوسێكی نادیار دەڕوات و بەرەو تونێلێكی تاریك دەمانبەن.

‎ هیواخوازە پلانەكە سەرنەگرێ لانی كەم بۆ ئەوانەی ئێستا لێرەن، ئەگەر سەریشی گرت، پێم باشە قەرەبومان بكەنەوە لەوپارەی بۆ تێچووی ئەفریقا دەمانێرن، تا ئێرە بەجێ بهێڵین و ڕوو لەشوێنیكی دیكە بكەین.


‎یەكێكی دیكە لەپەناهەندە تازەكانی ساڵی ٢٠٢٢، كەخەڵكی شاری حەلەبی سوریایەو كوردە، بەناوی، محەمەد حەلەبی دەڵێ، بڕیارەكە ھیچ کاریگەری نابێت دەربارەی کەمبونەوەی کۆچی نایاسایی و تەنها پارەو بودجەی وڵات بە فیڕۆ دەڕوات. حەلەبی دەڵێ، ئەو بڕیارە کاردانەوەی خراپ لەسەر سومعەی بەریتانیا بەجێ دەھێڵێت، لەکاتێکدا خۆی بە پێشەنگی پاراستنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەزانێت.


‎لەبارەی هەڵبژاردنی بەریتانیا وەك دوا ویستگەی پەناهەندەیی، ئەویش هاوشێوەی زۆرێكی دیكەی پەناخوازان دەڵێ، من بەهیچ وڵاتێکی دیكەی سەلامەتەوە تێنەپەڕیوم، تا نەگەیشتومەتە ئێرە، نەمزانیوە بەکوێدا ھاتووم.

دەربارەی كاریگەری لەسەر هەست و دەروونی بۆ پلانەكە محەمەد حەلەبی دەڵێ، لەڕووی دەرونیەوە شەوانە بریارەکە زۆر ئازارم دەدات. وەپێم وایە ئەمە کارەساتم بۆ دێنێتە پێش، وابیردەكەمەوە كەئەمە گەورەترین سزایە بۆ من، چونكە بەقاچاخ ھاتوم.

‎لەوەڵامی ئەگەری جێبەجێ كردنی پلانەكە ئامادەیە بچێتە ڕواندا یان جێهێشتنی بەریتانیا، ئەو كوردەی سوریا دەڵێ: ‎ئەگەر بریارەکە جێبەجێ بکرێت، من بەھیچ شێوەیەک ناتوانم بچمە رواندا، ئەوەندەی کەبیستومە دەڵێن، ئەوێش هاوشێوەی سوریا كەجێم هێشتوە پرە لەچەکدارو  وەك وڵاتە وێرانەکەم كەسوریایە، پارێزراوو سەلامەت نیە. ئەگەر هەربەزۆرەملێ بیانەوێ دیپۆرتی ڕواندام بكەن، دەگەڕێمەوە سوریاو با لەوڵاتی خۆم بكوژرێم.


‎عەبدوڵا مەحمودیان، كوردێكی ئێرانییەو ئەویش نیگەرانی دایگرتوە لەبارەی هەواڵی ناردنی پەناخوازان، بۆ دەرەوەی بەریتانیا.


بەبۆچونی ئەو كوردەی ڕۆژهەڵات، ئەو بڕیارو پلانە، زۆر ھەڵەیەو وە پێ وانیە وەک بۆخۆیان دەڵێن، ئاوا کاری پێ بکرێت. چونكە خەرجی زۆری دەوێت.  وەھیچ کاریگەری نابێت، تەنھا ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکەم ئەوەیە، کەشەرمەندەیی بۆحکومەتی ئێستای بەریتانیا و رواندا، بەجێ دەهێڵێت.


‎لەوەڵامی پرسیاری هەڵبژاردنی بەریتانیا بۆ پەناهەندەیی؟ 
‎عەبدوڵا مەحمودیان وتی، لەژێر دەستی قاچاغچیدا بووم، ئەو گوتویەتی بۆ ووڵاتێكی باش و سەلامەتت دەبەین، بۆیە هێناومی بۆ بەریتانیا، دەتوانم بڵێم لەسەر ویستی خۆم نەبووە.


‎ لەبارەی بژاردەی جێهێشتنی بەریتانیا، یان ئامادەیە بچێتە ڕواندا؟
‎مەحمودیان پێی وایە، بۆ ئەو گەڕانەوە بۆ ئێران باشترە، نەك بچێتە ئەفریقاو لەوێ چەندین ساڵ چاوەڕی بكات، بەبون و نەبونی جواب، ئەودەڵێ; هاتووم پەنا بدرێم نەك سزا بدرێم.


‎ هەرلەهەمان هۆتێلی مانەوەی بەشێك لەپەناخوازە تازەكانی ئەم ساڵ، گەنجێكی وڵاتی ئەریتریا، قسەی كرد، بەناوی ئیبراهیم حوسێن
‎ئەو گەنجە ئەریتریەش بەنیگەرانیەوە دەڵێ،  بڕیارێكی دژە مرۆڤایەتیەو هەرچەندە زۆرم پێ ناخۆشە بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە پێم وانیە سەربگرێت. چونكە گاڵتەکردنە بە ژیانی پەنابەرو، وە بازرگانی کردنە پێیان. ئیبراهیم پێی وایە، ڕواندا وڵاتێکە پڕە لەچەکدارو لەڕووی سیاسی و ئابوریەوە هیچ پێش كەوتوونیە.


‎وەك بەشێكی دیكەی پەناخوازان ئیبراهیمیش دەڵێ، لەوەتەی بڕیارەكە باس دەكرێ نەم توانیوە بەباشی بخەوم و لەڕووی دەروونیەوە ئازارم دەدات و بەریتانیا دەیەوی سزایەکی قورسمان بدات   روواندا بکاتە گرتوخانەیەك، هاوشێوەی گوانتانامۆ بۆ ئێمە.


‎دەربارەی جێبەجێكردنی پلانەكە ئەو پەناخوازە ئەریتریا دەڵێ، ئەگەر بیانەوێ دیپۆرتی ئەو ووڵاتەمان بكەن بەزۆر، پێم وانیە هەرگیز بهێڵن بگەڕێینەوە بەریتانیایە. ڕەنگە بۆ كەسێكی وەك من باشتر بێت بگەرێمەوە ووڵاتی خۆم، لەوێ بكوژرێم باشترە نەك بۆ ڕواندا.