کوردستان

07:22 - 10/05/2022

هۆشیار عومه‌ر عه‌لی: جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت داوە‌

پەیسەر

هۆشیار عومه‌ر عه‌لی، ئه‌ندامی جڤاتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی بڕیاری نوێی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند: بڕیاری نوێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ حكومه‌ت بكشێینه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ كه‌ به‌شداری حكومه‌تمان كرد له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنێك بوو، سه‌دا هه‌شتای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.


له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "زه‌مه‌ن"، هۆشیار عومه‌ر عه‌لی، وتی: یه‌كێك له‌ خاڵه‌كان ئه‌وه‌بوو پێویسته‌ داهات شه‌فاف بێت، داهات شه‌فاف نه‌كراوه‌، به‌تایبه‌ت ده‌سته‌ی داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان كه‌ بڕیار بوو دروستبكرێت، پارتی نه‌یهێشت دروست بكرێت.


وتیشی: ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو ده‌بوایه‌ په‌رله‌مان به‌هێزبوایه‌ و به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستایه‌ به‌ڵام په‌رله‌مانیان لاواز كردووه‌، خاڵێكی دیكه‌ رێزگرتن بوو له‌ ئازادییه‌كان نه‌ك ڕێزی لێنه‌گیراوه‌ به‌ڵكو پێشێلكراوه‌.


ئه‌و به‌رپرسه‌ی گۆڕان ده‌شڵێت: سه‌دا هه‌شتای خاڵه‌كان كه‌ به‌رنامه‌ی سیاسی ئێمه‌ش بووه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ جڤاتی نیشتمانیه‌وه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ دراوه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێكردنی و هه‌ڵبژاردنی كاته‌كه‌ی.


بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی دوو ساڵ و نۆمانگە لەحکومەت بەشدارە. لە ١١ی تەموزی ٢٠١٩، گۆڕان بەشداری لە کابینەی نۆیەمی حکومەت کرد لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسی کە کۆی خاڵەکانی لە بەرژەوەندی سیستمی سیاسی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام وەک بەرپرسانی بزوتنەوەکە باسیانکردووە ٧٥:/ی رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە.


تەمەنی ئەم کابینەیە لە ئێستادا دووساڵ و نۆ مانگە، بەڵام ئاستی قەیرانەکان بەهۆی چاکسازی نەکردنی راستەقینەو نەدانی بەشەبودجە لەبەغدا لەم کابینەیەدا گەورەتر بووە.