کوردستان

05:44 - 08/05/2022

نادیه‌ موراد داوای كۆتایی هێنان به‌ ململانێكان له‌ شه‌نگال ده‌كات‌

پەیسەر

 

نادیە موراد، كچه‌ چالاكوانی ئێزیدی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشانده‌رانی شه‌نگال نیشاندا و داوای لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكومەتی فیدڕاڵی كرد بەدەم داخوازییەكانی خەڵكی شەنگاڵەوە بچن.

نادیە موراد، له‌ پۆستێكدا له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، رایگه‌یاند: یەكڕیزیی ئێزیدییه‌كان لە شەنگاڵ و داواكارییان بۆ كۆتایهێنان بەململانێ سیاسییەكان لەسەر خاكەكەیان و دوورخستنەوەی هەموو دیاردەیەكی چەكداری لەنێو شوێن و جێگەی نیشتەجێبوونیان مافێكی شەرعی و یاسایی خۆیانەو جێگەی شانازیشە.

نادیە موراد، به‌ پێویستی ده‌زانێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حكومەتی فیدڕاڵ لەم قۆناغە قورس و هەستیارەدا بەدەم داواكارییەكانی خەڵكی شەنگاڵەوە بێن و هیواخوازیشین كە هەموو لایەك پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتییانەی خەڵكی شەنگاڵ بكەن و هاوكاریان بن.

له‌ رۆژانی رابردوودا شه‌نگال بووه‌ گۆڕه‌پانی پێكدادانی چه‌كداری نێوان سوپای عێراق و یه‌كینه‌كانی پاراستنی شه‌نگال و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان خێزان ئاواره‌بوون. به‌شێك له‌ ئێزدییه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ گردبونه‌وه‌ و داوای راگرتنی شه‌ڕو پێكدادانه‌كانیان كرد و داواشیانكرد شاره‌كه‌یان نه‌گرێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێی لایه‌نه‌كان.