کوردستان

09:33 - 07/05/2022

وه‌زیری نه‌وت: نه‌رمی نواندن له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌نجامی نه‌بوو‌

پەیسەر

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وەزیرى نەوتى عێراق، جارێكی دیكه‌ سووربوونی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی تایبه‌ت به‌ مه‌له‌فی نه‌وتی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌ و  رایگەیاند: به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چن بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی جێبه‌جێبكه‌ن و نه‌رمی نواندن له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌نجامی نه‌بوو.

وه‌زیری نه‌وت ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ڕاوێژكارانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی رایگه‌یاند: کارەکان بە دەرئەنجامەکانیەتی بەڕێوەبردنی چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم راست نییەو مەعقوڵ نییە تێچووی نەوت لە هەرێم نیوەی نرخی فرۆشەکەی بێت. وتیشی: مەعقوڵ نییە کە فرۆشی نەوتی هەرێم ئەوەندە کەمتر لە نرخی سۆمۆ بفرۆشێت.

وه‌زیری نه‌وت له‌باره‌ی داهاتی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ قسه‌ی كردو ئاشكرایكرد، داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ناگاتە 50% ی بەهای نەوتە فرۆشراوەكەیان و به‌پێویستی زانی‌ ته‌واوی داهاتی نه‌وت بگه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی.

وتیشی: ناکرێت دوو سیاسەتى نەوت لەیەک وڵاتدا هەبێت و پرسى وزە بە سیاسى بکرێت و ئه‌مه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رێكخراوی ئۆپیك هه‌بووه‌.

وه‌زیری نه‌وت باسیله‌وه‌شكرد: وڵاتێک لە بەشێکیدا هاوردە بکات لە بەشێکی وڵاتەکەدا دەستپێشخەری هەناردە بکرێت ( مەبەستی هەناردەی گازە له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌). ئەمە بە هیچ شوێنێکی دنیادا بوونی نییە.
وه‌زیری نه‌وت، هه‌رێمی كوردستانی به‌ هۆكار زانی به‌وه‌ی نه‌توانرێت پابه‌ند بن به‌ بڕیاره‌كانی رێكخراوی ئۆپیكه‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: کاریگەرییە نەرێنییەکانیمان بینی لەمامەڵە گەڵ ئۆپیکدا کاتێک عێراق پابەند نەبوو بە پشکەکانییەوە کە بۆی دیاریکرابوو بەهۆی پابەند نەبوونی هەرێمەوە. بەڕوونی دیار بوو کە سیاسەتی نەوتی عێراق تەواو نییە.

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، زیاتر لە (75) رۆژ لە گفتوگۆ‌ و دەستپێشخەریی‌و هەوڵ‌و نەرمی نواندنی بەغداد لەگەڵ هەرێمی كوردستان، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وتی: كه‌ ده‌رگای گفتوگۆ داناخه‌ن.

وه‌زیری نه‌وت به‌ پێویستی زانی وەزارەتی نەوت‌ و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت ئامادەكاریی بكەن بۆ روبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو لە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان.

وتیشی: زیاتر لە جارێك هەرێممان دڵنیاكردوەتەوە لەوەی بەغداد نایەوێت كۆنترۆڵی چالاكیی نەوت لە هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام حكومەت دەیەوێت چالاكی نەوتیی رێكبخاتەوە‌و بیكات بە چالاكییەكی راستەقینەی بازرگانی روون‌و شەفاف.

دادگای فیدراڵی عێراق له‌ دانیشتنی 15ی شوباتی 2022، بڕیاریدا كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌ڕ‌اده‌ستكردنی نه‌وت به‌حكومه‌تی عیراق و پێنج بڕیاری له‌باره‌ی ناده‌ستوری بوونی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ركرد.، بڕیاره‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و هه‌رێم به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌تیكرده‌وه‌.