کوردستان

04:34 - 01/05/2022

شێخ باز: هه‌موومان له‌وه‌ دڵنیاین كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك كراوه‌ و زانیاری ناڕاست هه‌یه‌‌

پەیسەر

شێخ باز كه‌ریم به‌رزنجی، سه‌رۆكی كۆمپانیای كار، رایگه‌یاند، راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی راستییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق قسه‌ی ئه‌وانی دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه وتیان به‌هانه‌ی هێرشه‌كه‌‌ ناڕه‌وایه‌ و پشتی به‌ زانیاری ناڕاست به‌ستووه‌.


شێخ باز، ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ یه‌كی ئایاری 2022، له‌ تویته‌ری خۆی له‌ تویتێكدا قسه‌ی له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌ تایبه‌ت به‌ بۆردومانكردنی خانوه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.


شێخ باز ده‌ڵێت: هه‌موومان له‌وه‌ دڵنیاین كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك كراوه‌ و زانیاری ناڕاست هه‌یه‌، بۆیه‌ سوپاسی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌م، كه‌ كاریان له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ كرد‌ و‌ راستییه‌كانیان ئاشكرا كردووه‌.


له‌سه‌ر بنه‌مای راسپارده‌ی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی راستییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، شێخ باز داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات، رۆڵی خۆی بۆ به‌رگریكردن له‌ سه‌روه‌ری نیشتمان بگێڕێت و ئاسایش و سه‌قامگیری ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌پێویستی ده‌زانێت حكومه‌تی عێراق هه‌موو رێگه‌ دیپلۆماسی و یاساییه‌كان بگرێته‌به‌ر بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی ماددی مه‌عنه‌وییه‌كانیان.


شەوی 13ی مانگی ئازاری رابردوو، ماڵی شێخ باز کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار، له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ به‌ چه‌ند موشه‌كێك كرایه‌ ئامانج، ئه‌وه‌ش به‌ پاساوی بوونی تیمێكی ده‌زگای مۆسادی ئیسرائیلی له‌ناو خانووه‌كه‌دا.


25ی مانگی رابردوو، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وهی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێناو له‌ راپۆرتێكدا هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی‌ ئیدانە كردو  داوایكرد ئێران قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.