کوردستان

09:50 - 30/04/2022

تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو بە هەشت ساڵ‌

پەیسەر


هەشت ساڵ بەر لەئێستا و لە ٣٠ی ٤ی ٢٠١٤، هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم کرا. هەڵبژاردنەکە ماوەی یاساییەکەی بۆ (٤) ساڵ بوو، بەڵام تا ئەمڕۆ هەشت ساڵی تەواوە ئەو ئەنجومەنانە بەرکارن و هەڵبژاردنیان بۆ نەکراوەتەوە.

ڕۆژی ٢٤/٦/٢٠١٨ كۆتایی بە ماوەی یاسایی كاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هات، بەپێی یاسا دوای كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی، ئەنجومەنەكان دەتوانن ٩٠ ڕۆژی تر لەسەر كارەكانیان بەردەوام بن، ئەو ماوەیەش لە ٢٤/٩/٢٠١٨ کۆتاییهات.

لە کاتێکدا (٤) ساڵ بەسەر بەسەرچوونی وادەی یاسایی کارکردنی ئەو ئەنجومەنانە تێدەپەڕێت، هەم دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و هەمیش ئەندامانی ئەنجومەنەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە بێدەنگیان لێکردووەو فشاری جدیی نیە بۆ نوێکردنەوەیەیان.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌، ئه‌نجومه‌نێكی‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكەوە‌، له‌ڕووی‌ كارگێڕی‌‌و دارایی‌‌و یاساییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و له‌ڕووی‌ چاودێرییه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێریی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌ن چاودێریكردنه‌ له‌سنوری‌ كارگێڕی‌ پارێزگاكه‌دا‌و مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ بڕیار‌و پێڕه‌وو رێنماییه‌كان بۆ رێكخستنی‌ كاروباری‌ كارگێڕی‌‌و دارایی‌ له‌سنوری‌ پارێزگاكه‌دا ده‌ربچوێنێ‌، تا بتوانرێت سه‌رپه‌رشتیی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ پارێزگا به‌پێی‌ پره‌نسیپی‌ ناسه‌نته‌ری‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كارگێڕی‌ بكات، به‌جۆرێكی‌ وا كه‌ ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستور‌و یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ هه‌رێمدا.

خولی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌نجومه‌نەكان، به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (71)ی‌ 6-4-2004ی‌ پۆڵ بریمه‌ر له‌ 31-1-2005دا هه‌ڵبژێردرا‌ن، ئه‌م خوله‌ كه‌ خولی‌ دووه‌می‌ ئه‌نجومه‌نه‌، به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (4)ی‌ ساڵی‌ 2009 یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كانی‌ پارێزگاكان‌و قه‌زا‌و ناحیه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان-عیراقدا، له‌ 30-4-2014 دا هه‌ڵبژێردراوه‌‌.