کوردستان

07:50 - 26/04/2022

"پەیسەر" هۆكاره‌كه‌ی ئاشكراده‌كات‌

پەیسەر

ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی، به‌ڵام به‌چه‌ند مه‌رجێك و دوای وه‌رگرتنی به‌ڵێنی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ت و هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌.

وه‌زیری دارایی، نزیكه‌ی سێ مانگه‌ به‌هۆی رێگریی به‌رده‌م چاكسازییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داهات هه‌ڵوێستی وه‌رگرت و چووە ماڵەوە، به‌ڵام چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و بافڵ تاڵەبانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی چڕكرانه‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ چه‌ندین دیدار و كۆبونه‌وه‌ له‌ نێوانیاندا كراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی "پەیسەر" كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نوسینگه‌ی وه‌زیری داراییه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ "مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند جارێك پشتیوانی خۆی بۆ وه‌زیری دارایی ده‌ربڕیوه‌و هاوكاری ده‌كات بۆ به‌رێوه‌بردنی باشتری كاروباره‌كانی وه‌زاره‌ت و لابردنی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كۆكردنه‌وه‌ی داهات و دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ سنوری سلێمانی.

به‌شێكی نیگه‌رانیه‌كانی وه‌زیری دارایی په‌یوه‌ندییان به‌ رێگرییه‌كانی له‌ سنوری ئیداره‌ی سلێمانی هه‌بوو، كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ كێشه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهات دروستده‌كرێت و به‌و هۆیه‌وه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كێشه‌ی تێكه‌وتووه‌. سه‌ره‌نجامیش وه‌زیری دارایی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ ماوه‌ی مانگێك له‌ سلێمانی ده‌وامی كرد و زنجیرەیەک كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بانکەکانی سلێمانی و فەرمانگەکانی سەر بەوەزارەت ئەنجامداو بڕیاری زنجیره‌یه‌ك گۆڕانكاری دا، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی دواکەوتنی مووچەو باشتر کۆکردنەوەی داهات و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ بانکەکان و گەڕاندنەوەی داهاتەکانی دەروازەو باج بۆ خەزێنەی وەزارەت و چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی خانەنشینان.

سه‌رچاوه‌كه‌ی "پەیسەر"ی وتیشی"وه‌زیری دارایی و بافڵ تاڵه‌بانی چه‌ند جارێك كۆبونه‌ته‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی پشتیوانی خۆی بۆ وه‌زیری دارایی ده‌ربڕیوه‌و به‌ڵێنی هاوكاری ته‌واوی پێداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی دارایی و ئیداری پێویست له‌سنوری سلێمانی بكرێت و هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی وه‌زیری دارایی ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ته‌واوه‌تی كێشه‌ی مووچه‌ له‌ سلێمانی چاره‌سه‌ر بكرێت".