کوردستان

09:56 - 20/04/2022

رۆیته‌رز: وه‌فدی هه‌رێم له‌گه‌ڵ بۆریس جۆنسۆن باسی غازیان كردووه‌‌

پەیسەر

ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سه‌رۆك وه‌زیرانی بەڕیتانیا تاوتوێی هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستانیان کردووە وەکو بەدیلی غازی ڕوسیا .

به‌پشتبه‌ستن به‌ به‌یاننامه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا، ئاژانسه‌كه‌ باسیله‌وه‌كردووه‌ لە کۆبونەوەکەدا مەسرور بارزانی باسی لە ھەناردەکردنی وزەی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوروپا و بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش باسی لە ھەوڵەکانی خۆی کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پشتبەستنی ئەوروپا بە نەوت و غازی روسیا.

كۆبونه‌وه‌كه‌ سێشەممە 19ی نیسانی 2022 لە لەندەن به‌ڕێوه‌چوو، له‌ راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمدا باسی پرسی غاز نه‌كراوه‌. ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.

ئه‌وروپا بڕێكی زۆر غازی سروشتی هاورده‌ ده‌كات، كه‌ ساڵانه‌ ده‌گاته‌ 560 ملیار مه‌تر سێجا، سێیه‌كی له‌ روسیاوه‌یه‌.

غازی سروشتی روسیا له‌ چوار هێڵی بۆری گه‌وره‌وه‌ هه‌نارده‌ده‌كرێت، ئه‌وانیش هێڵی نۆرد ستریم و هێڵی ترانزیت به‌ خاكی ئۆكراینادا ده‌ڕوات، هێڵی یامال به‌ بیلاڕوسیا و پۆڵه‌ندادا ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ هێڵی ترك ستریم له‌ رێی توركیاوه‌. یه‌كێتی ئه‌وروپا، خواستی خۆی نیشانداوه‌ بۆ به‌كارهێنانی وزه‌ی خاوێن، به‌ڵام قه‌یرانی ئۆكراینا ره‌وشه‌كه‌ی گۆڕیوه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ڕوسیا و ئۆكرانیا، بۆ جێگرتنه‌وه‌ی وزه‌ی روسیا، ناوی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی میسر و قه‌ته‌رو لیبیا ده‌هێنرێت، پێشتریش ژاپۆن ئاماده‌یی خۆی نیشاندابوو هاوكاری ئه‌وروپا بكات له‌ پێدانی غازی سروشتی.