کوردستان

04:51 - 15/01/2019

پارتی پرۆژەكەی گۆڕانی دەربارەی حكومەت پەسەند كرد‌

پەیسەر

پارتی پرۆژەكەی گۆڕانی دەربارەی پێكهێنانی حكومەت پەسەندكرد و بڕیاریشە كۆبونەوەی دواتری هەردوولایەن لە هەولێر بێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆژەی بزوتنەوەی گۆرانی بۆ بەشداری لەحكومەت پەسەندكردووە كە چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ناو پڕۆژه‌كه‌ی گۆڕان هاتووه‌ كابینەی حكومەتی هەرێمی خاوەنی دەسەڵات بێت لەتەواوی هەرێمدا، هه‌روه‌ها جدی بێت له‌چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغداد و كۆتایی هێنان بەقەیرانی دارایی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پڕۆژه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، سیستمی حوكمرانی هەرێم بكرێتە پەرلەمان و پەرلەمانیش بكرێتە مەرجەعی یەكلایی كردنەوەی بڕیارە چارەنوسسازەكان و  لەماوەی ئەم خولەی حكومەت و پەرلەماندا هەرێمی كوردستان ببێته‌ خاوەنی دەستور.
هەروەها گۆڕان له‌ پڕۆژه‌كه‌یدا داوای ئه‌وه‌شیكردووه‌ كه‌ هیچ حزبێك بەتەنها و بەبێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوەكانی هەرێم چیتر گرێبەستی نەوتی لەگەڵ وڵاتان نەكات و هەموولایەنە بەشداربووەكانی حكومەت ئاگاداری پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بن.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، گۆڕان داوای چاكسازی ریشەی لەكەرتەكانی حكومەت كردووە و بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و چۆنێتی كاركردن له‌و پرسه‌، پرۆژەیەكی تێروتەسەلی ئامادەكردووە و پارتیش پرۆژەكەی وەك خۆی پەسەندكردووە.
لەبەرامبەردا وەفدەكەی پارتی داوای لەبزوتنەوەی گۆران كردووە فراكسیۆنەكەیان لەبەغداد رابسپێرن كە هەڵوێستەكانیان دەربارەی حكومەتی هەرێم نەرێنی نەبێت بەو واتایەی لەكوردستان گۆران بەشداری حكومەت بێت و لەبەغدادش دەبێت خۆی بەخاوەنی بزانێت، هەروەها گۆڕان لەیەكریزی لایەنەكوردیەكان بۆ چارەسەری كێشەی ناوچەجێ ناكۆكەكان دەرنەچێت.
په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌شی زانیوه‌، كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌، بڕیار له‌سه‌ر دروستكردنی لیژنه‌یه‌ك دراوه‌، بۆ جێبه‌جێكردنی داواكه‌ی گۆڕان و به‌ركه‌وتی گۆڕان له‌ كابینه‌ی نوێ و هه‌روه‌ها دانانی خاڵ بۆ پۆسته‌كان، نوسینه‌وه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌تی داهاتوو.

بڕیارە كۆبونەوەی دواتری بزوتنەوەی گۆران و پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێر بەرێوەبچێت و تێیدا تەنها بزوتنەوەی گۆران ناوی كاندیدەكانی رادەستی پارتی دەكات، بەوەش دەردەكەوێت گۆڕان و پارتی لەسەر بەشداری لەحكومەت رێككەوتوون.