کوردستان

04:36 - 09/04/2022

حكومه‌تی هه‌رێم: ئەمساڵ نزیكەی 26 ملیار دینار بۆ خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخانكراوە‌

پەیسەر

حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢وە،  ١٤ ملیار و نۆسەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە، هەروەها حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان و خەرج كراوە، كۆی هەردوو گوژمەكەش دەكاتە نزیكەی 26 ملیار دینار.

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 9ی نیسانی 2022، حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: تەرخانكردنی ئەو 26 ملیار دینارە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەندێك دەزگەی میدیایی بەهەڵەداچوون لەوەی دەیانەوێت ڕاستییەكان بشێوێنن كە گوایە پارە بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی خەرج ناكرێت، لەكاتێكدا ئەو گوژمەیە بەراورد بە شوێنەكانی تری كوردستان زۆر زیاتریشە.

ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، بەپێی دوو بەڵگەنامە، لە ڕێكەوتی 16/2/2022 بە نووسراوی ژمارە(2655)ی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بڕیار لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (14,975,153,340 ) دينار بەمەبەستی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك بۆ شاری سلێمانی بۆ ماوەی یەك ساڵ دراوە.

هەروەها بە گوێرەی نووسراوێكی دیكەی ئەنجوومەنی وەزیران/فەرمانگەی بەدواداچوونی پرۆژەكان بە ژمارەی 2690 لە ڕێكەوتی 16/2/2022 كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی بۆ ساڵی 2022 گوژمەی (7,500,000) حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ تەرخان كراوە. كۆی ئەو دوو گوژمانەی لەمساڵدا تەنیا بۆ خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراون نزیكەی 26 ملیار دینارە


.