کوردستان

11:40 - 30/03/2022

به‌غدا ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی بریاره‌كه‌ی دادگا كرد له‌ ‌دژی هه‌رێم‌

پەیسەر

وەزارەتی نەوتی عێراق، ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی كرد و داوای دروستکردنی کۆمپانیایەک دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان.

بەپێی نوسراوێک کە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، داوا کراوە لەماوەی (١٥) رۆژدا کۆپییەک لە ھەموو ئەو گرێبەستانە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری (دۆزینەوە، بەرھەمھێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، ھەناردە)ی نەوتدا کردویەتی، لەگەڵ تۆماری داھاتی فرۆش و ھەناردەی نەوتی خاو و غاز.

له‌ نوسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌ پێدانی كۆپیه‌ك له‌ گریبه‌سته‌كان،  به‌مه‌به‌ستی تەماشاکردنیانه‌ لەلایەن تیمێکی پسپۆڕو راوێژکارانی وەزارەی نەوتی عێراقەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری رێگەپێدراوی حکومەتی ھەرێم.

هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ی گونجاندنی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەموارکردنیانه‌ بەپێی یاسای بەرکاری عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق.پێشکەشکردنی داواکارییەک بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی ، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتی و غازییەکانی لەو کێڵگانەدا پێبدرێت.

به‌پێی نوسراوه‌كه‌ کۆمپانیاکە سەربە حکومەتی ناوەند دەبێت و ناوی لێنراوە (KROC)و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر دەبێت. بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وت، دوای دوو رۆژ دێت له‌ وته‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانه‌ی به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌ له‌ دوبه‌ی، كه‌ وتارێكی به‌ناوی " بەرەوپێشبردنی وزە، هەناردەکردن و ئاییندەی هەرێمی کوردستانی عێراق" پێشكه‌ش كرد.

له‌ وتاره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند: لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە هەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا ده‌كه‌ن و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەن.

دادگای فیدراڵی عێراق له‌ دانیشتنی 15ی شوباتی 2022، بڕیاریدا كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌ڕ‌اده‌ستكردنی نه‌وت به‌حكومه‌تی عیراق و پێنج بڕیاری له‌باره‌ی ناده‌ستوری بوونی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ركرد.، بڕیاره‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و هه‌رێم به‌ ته‌واوه‌تی ڕه‌تیكرده‌وه‌.

ده‌قی بڕیاره‌كان:
1. ناده‌ستووری بوونی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم، ژماره‌ 22ی ساڵی 2007 هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاساكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ماده‌ ده‌ستووریه‌كانی "110،111،112و 115 و 121و 130"ه‌.

2.  پابه‌ندكردنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌ریهێناون، به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق.

3.سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پەچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێم‌و نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكی‌و دەوڵەت‌و كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوت‌و دەرهێنانی‌و هەناردەكردن‌و فرۆشتنی ئیمزای كردووە.

4. پابه‌ندكردنی حكومه‌تی هه‌رێم به‌وه‌ی رێگه‌بدات به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و دیوانی چادێری دارایی به‌ هه‌موو گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌وتیدا بچنه‌وه‌، بۆ وردبینی و دیاریكردنی پابه‌ندییه‌ داراییه‌كان كه‌ ده‌كه‌ونه‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم، دواتریش له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌وه‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی فیدرالی دیاریده‌كرێت.

5- پابەندکردنی سکاڵالێکراو بە پێدانی هەموو رسومات و خەرجی و کرێی پارێزەران بریکارەکانی سکاڵاکارەکان کە بڕی 100 هەزار دینار دەبێت و بەپێی یاسا دابەشدەکرێت.