کوردستان

06:21 - 15/03/2022

بڕیارێكی نوێ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌ركرا‌

پەیسەر

وەزیرى پێشمەرگە بڕیاریدا بە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانى حەفتا و هەشتا و وەزارەتی پێشمەرگە، تا لەو رێگەیەوە هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی هێزەکان وریفۆڕمی سەربازی خێراتربکرێن. 


وەزارەتى پێشمەرگەی هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ لەمیانی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەییەکانی یەکەی ۷۰ و ٨۰ و راوێژکارانی نێودەوڵەتی هاوپەیمانان بڕیاردراوە بە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش، تا لەو رێگەیەوە هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی هێزەکان وریفۆڕمی سەربازی خێراتربکرێن. 


وەزیری پێشمەرگە، جەختیکردەوە لە پێویستی رێکخستنەوەی هێزەکان لەئێستادا، کە هاوشانە لەگەڵ هەوڵ و هەنگاوەکانی راوێژکارانی هاوپەیمانان بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چاکسازی. 


دەقى راگەیەنراوەکە: 


راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە 

لەمیانی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەییەکانی یەکەی ۷۰ و ٨۰ و راوێژکارانی نێودەوڵەتی هاوپەیمانان. جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە رێکخستن و یەکخستنی تەواوەتی هێزەکان و دروستکردنی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە کرایەوە. 


ئەمڕۆ ۱٥ی ئاداری ۲۰۲۲ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، بە بەشداری هانس ئاکیربووم، کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لەهەرێم،  بەئامادەبوونی سەربەست لەزگین،بریکاری وەزارەت و راوێژکاران و ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەت وڕاوێژکارانی سەربازی ئەڵمانیا ـ هۆڵەندا ، لەگەڵ مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی ۷۰ و نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی ٨۰ ولیوا عیسا عوزێڕ، راوێژکاری باڵای سەربازی هەرێم و ڕاوێژکارانی سەربازی وەزارەت کۆبۆوە. 


کۆبوونەوەکە، لەسەر پێشنیاری مولحەقی سەربازی کونسوڵخانەی هۆڵەندا لەهەرێم و کۆڵۆنێڵ پاوڵ، راوێژکاری باڵای سەربازی ئەو وڵاتە بوو، بۆ وەزارەتی پێشمەرگە. 


لەو کۆبوونەوەیەدا، بەشداربووان سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر پێویستیەکانی ئێستای رێفۆرمی سەربازی و هەنگاوەکانی ئەم دوایەی وەزارەت لە کۆکردنەوەی هێزەکان و بەردەوامیدان بە گەڕانەوەی لیواکانی یەکەکانی ٧٠و٨٠ بۆ سەر وەزارەت و ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ لەناو هێزەکانی پێشمەرگە گفتۆگۆی چڕو بایەخداری لەبارەوە کرا. 


وەزیری پێشمەرگە، جەختیکردەوە لە پێویستی رێکخستنەوەی هێزەکان لەئێستادا، کە هاوشانە لەگەڵ هەوڵ و هەنگاوەکانی راوێژکارانی هاوپەیمانان بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چاکسازی. 


کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا کە ئامادەی بەشێکی کۆبوونەوەکە بوو، رایگەیاند: وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەپاڵپشتی و پشتگیری پێشمەرگەو پێویستیشە بە لەبەر چاوگرتنی دۆخی ئێستاو داهاتووی ناوچەکە، هەمووان بە لێپرسراوێیەتیەکی گەورە کار بۆ درووستکردنی هێزێکی تۆکمەو یەکگرتووی سەردەمی بکەن. 

وەزیری پێشمەرگە، بڕیاریدا بە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان یەکە سەربازیەکانی حەفتا وهەشتاو وەزارەتی پێشمەرگە، تا لەو رێگەیەوە هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی هێزەکان ورێفۆڕمی سەربازی خێراتربکرێن. 

هەردوو فەرماندەی یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ دووپاتی گرنگی و کاریگەری پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردەوە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە.