کوردستان

02:33 - 13/03/2022

سوپاى پاسداران بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشەکەى سەر هەولێر راگەیاند‌

پەیسەر

سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشەکەى سەر هەولێر راگەیاند و دەڵێت، شەوی رابردوو 'ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنییەکان' کرانە ئامانجی مووشەکە بەهێزەکانمان".

 سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا كە لەماڵپەری فەرمی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوە دا، "لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە، شەوی رابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنیستەکان بە مووشەک بەهێزەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا سوپای پاسداران باس لەوە دەكات "جارێکی دیکە هۆشدار بە رژێمی تاوانکاری زایۆنی دەدەین دووبارەکردنەوەی هەر ئاژاوەنانەوەیەک بە وەڵامی تووند و یەکلاکەرەوە و وێرانکەر رووبەڕوو دەبێتەوە".
هاوکات سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە شوێنی بە ئامانجکراو بنکەی ئیسرائیلی بێت و رایگەیاند: "شوێنی بەئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە".


شەوی رابردوو بە 12 مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای هەولێرو لەئاستی ناوخۆی و جیهانیدا تا ئێستا كاردانەوەكان بەردەوامن.