کوردستان

10:00 - 09/03/2022

گۆڕان داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی (8) ملیۆنی پله‌تایبه‌ته‌كان ده‌كات‌

پەیسەر


رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داواده‌كات، له‌پێناوی ده‌سته‌به‌ركردنی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته‌ مووچه‌ی پله‌ باڵاكانی هه‌رێمیش كه‌مبكرێته‌وه‌ به‌ ئامانجی ته‌خشان و په‌خشاننه‌كردنی پاره‌ی میلله‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆشای نێوان خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و توێژی ده‌سه‌ڵاتداران.

كاردۆ محه‌مه‌د رێكخه‌ری ژوری په‌رله‌مانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌نوسینێكیدا ده‌ڵێ:  لەم دۆخەدا  ژیان و ئیمتیازی موچە و خەرجی پلە بالاکان زۆر زیاتری کردوە، ئەمەش بۆشایەکی گەورەی لە نێوان دەسەڵاتداران و ژیانی توێژە کەم دەرامەتەکە دروستکردوە، ئاگایان لە ژیانی خەلک نیە، بەبێ ئەوەی باکیان بە مەترسیەکانی نیشتیمان هەبێت. لە تەخشان پەخشانی سامانی گشتی بەردەوامن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یش بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: ئەرکی پەرلەمانتارانە پشتیوانی لەم پرۆژەیە بکەن.

رۆژی 23ی 1ی 2012، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌نامه‌یه‌كدا بۆ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان، له‌ خاڵی دووه‌می نامه‌كه‌دا ده‌ڵێ:" فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و هه‌موو ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی‌ وه‌ك ئۆتۆمۆبێل و شوقه‌و ڤێلا ئه‌درێت ئه‌ندام په‌رله‌مان، به‌نیسبه‌تێك كه‌ موچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نزیكبكه‌وێته‌وه‌ له‌ به‌رزترین ئاستی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ حكومی‌، مه‌به‌ستم ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ حكومه‌ت نییه‌ كه‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ تایبه‌تیان هه‌یه".

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ له‌ ته‌مووزی 2009، چه‌ندین جار به‌ پڕۆژه‌ داوای چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ سیستمی مووچه‌ی كۆی فه‌رمانبه‌رانی كردووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك مووچه‌و ئیمتیازی پله‌ باڵاكان كه‌مبكرێته‌وه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خواره‌وه‌و خانه‌نشینانی مه‌ده‌نی زیادبكرێت، كه‌ كه‌مترینی له‌ 400 هه‌زار كه‌متر نه‌بێت.

له‌هه‌رێمی كوردستاندا  ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی پله‌ تایبه‌ت به‌پله‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی بۆ سه‌ره‌وه‌ چه‌ندین هه‌زار كه‌سه‌.

نزیكه‌ی ساڵێكه‌ حكومه‌ت به‌پێی یاسای چاكسازی، مووچه‌ی خانه‌نشینانی په‌رله‌مانتارو وه‌زیرو بریكاری وه‌زیرو راوێژكارو به‌رێوه‌به‌ری گشتی به‌رێژه‌ی 30% تاوه‌كو 70% كه‌مكردۆته‌وه. به‌ڵام یاسای چاكسازی خۆی له‌قه‌ره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پله‌تایبه‌ته‌كانی دادوه‌ران و داواكارانی گشتی و سه‌رۆكی زانكۆو راگرو پارێزگاران و په‌رله‌مانتاران و وه‌زیرو بریكاری وه‌زاره‌ت ...هتد. نه‌داوه‌.