کوردستان

10:51 - 15/01/2019

داواكارییه‌كانی یه‌كێتی له‌ پارتی ئاشكرا ده‌بێت‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌سه‌ر پێكھێنانی كابینه‌ی نوێ كۆبوونه‌وه‌، یه‌كێتی چه‌ند داوایه‌كی خستوه‌ته‌ڕوو.

 
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ په‌یسه‌رپرێس دراوه‌، له‌سه‌ر پشكه‌كانی له‌ كابینه‌ی نوێ یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێدا، داوای شه‌ش وه‌زاره‌ت و چوار بریكار و جێگرانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت، جارێكی تر یه‌كێتی نیشتیمانی داوای له‌ وه‌فده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌، كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت پێش رێكه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه،‌ رێكه‌وتنێك له‌نێوانیاندا واژوو بكه‌ن و بیكه‌نه‌ بنه‌مای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به‌ پارتی راگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ پێكهێنه‌رانی سه‌ره‌كی كابینه‌ی نوێ ته‌نها یه‌كێتی و پارتی بێت و دوایش لایه‌نه‌كانی دیكه‌ به‌شداری پێبكرێت.
له‌باره‌ی وه‌ڵامی وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌باره‌ی به‌ركه‌وته‌ی یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی نوێ هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی یه‌كێتی نه‌داوه‌ته‌وه‌ و راده‌ستی لیژنه‌كانیان كردووه‌.

هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارپێكردنی لایه‌نه‌كان و رێكه‌وتنی پێشوه‌ختی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌فده‌كه‌ی پارتی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی پێكده‌هێنرێت ئه‌وانیش ( پارتی و گۆڕان و یه‌كێتی) ده‌بێت پاشان به‌شداریپێكردنی لایه‌نه‌كانی دیكه‌، هه‌روه‌ها پارتی رێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌.