01:36 - 11/02/2022
ئاگاداری بۆهاوڵاتیان؛ مەرجێکی دەرھێنانی کارتی ڤاکسین لابرا
وهزیری تهندروستی ههرێم، مەرجێکی دەرھێنانی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا لادەبات و بۆ لەمەودوا ھەر کەسێک پاسپۆرتیشی نەبێت دەتوانێت ببێتە خاوەنی کارتی ڤاکسین.
لهبڕیارێكیدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، بۆ دروستکردنی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ ئەو ھاوڵاتیانەی، کە ھەر دوو ژەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و ناویان لە سیستمی وەزارەتی تەندروستی تۆمار کراوە، بەڵام پاسپۆرتیان نییە، دەتوانن بە (ژمارەی کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی)، کارتی ڤاکسین دروست بکەن، بەڵام ئەو کارتە تەنھا بۆ ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت و بۆ گەشتکردن بەکارناھێنرێت.
ئەو کەسانەشی ناسنامەی کوتانی کۆرۆنایان بۆ گەشتکرد دەوێت، دەتوانن لەسەر پاسپۆرتەکانیان دەربھێنن، بەڵام نابێت پاسپۆرتەکەیان بەسەرچوو بێت.
ههر لەوبارەیەوە دكتۆر بژار موسا وتەبێژی تەندروستی هەولێر بە "زهمهن"ی راگەیاند: هەر هاووڵاتییەك لەوێبسایتی حكومەتی هەرێم ناوی تۆمار كردبێت و هەردوو ژەمە ڤاكسینەكەی وەرگرتبێت دەتوانێت كارتی ڤاكسین وەربگرێت ئەگەر كەسەكە بیانیش بێت.
راشیگەیاند: منداڵان كە تەمەنیان گەیشتۆتە سەروی 12 ساڵ دەتوانن كارتی ڤاكسین وەربگرن، هاوكات كارتی ڤاكسینی هەرێم لەلایەن هیچ وڵاتێكەوە رەتنەكراوەتەوە.
ئهوهشی ئاشكراكرد: كارتی ڤاكسین بە پێنج هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتییان، لەكاتێكدا لە شارەكانی دیكەی عیراق بە 30 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیانی ناوخۆ و بە 50 هەزار دیناریش دەدرێتە بیانییەكان.
وتەبێژی تەندروستی هەولێر راشیگەیاند: ئەو پارەیەی كە وەردەگیرێت بۆ تێچووی كارتەكە و پاداشتی ئەو كارمەندانەیە كە لەسەنتەری دروستكردنی كارتی ڤاكسین كار دەكەن.
وتیشی: ئەو كارتە هیچ مێژوویەكی بەسەرچوونی لەسەر نییە و تا ئەوكاتە بەكاردەهێنرێت كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی وەك بەڵگەنامەیەكی رەسمی مامەڵەی لەگەڵ بكات، بۆیە دیزاینی ئەو كارتە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانيدا دەبێت.