کوردستان

01:52 - 27/01/2022

نازم ده‌باغ: ئێران هەوڵ دەدات پارتی و یه‌كێتی بەیەک کاندیدەوە بچنە بەغدا‌

پەیسەر

نوێنەرى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ ئێران نیگەرانە لە پەرتەوازەیى کورد و بونى دو کاندید بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار. دەشڵێت: ئەگەر زیان بە بەرژەوەندییەکانى ئێران بگەیەنرێت لە عێراق، ئەو وڵاتە هەڵوێستى دەبێت.

نازم دەباغ، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران، لەمیانى بەشداریى کردن لە بەرنامەى (رۆژەڤ)ى کەناڵى (KNN)دا، رایگەیاند: پێش هەڵبژاردن قائانى هاتوەتە کوردستان و سەردانى مەسعود بارزانى و بافڵ تاڵەبانى  کردووە و پێى وتون کە نەبنە لایەنێک لە پەرتکردنى ماڵى شیعى لە عێراق.

دەباخ وتیشى،" من پێم وایە ئێران وەک وڵاتێک بەرژەوەندى خۆى هەیە و هەر لایەنێک بیەوێ زیان لە بەرژەوەندییەکانى ئێران بدات هەڵوێستى دەبێت و هەنگا و بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆى دەنێت".



لەبارەى بونى دو کاندید لە نێوان پارتى و یەکێتى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران دەڵێت: ئێران لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ هەڵوێستێکى رون و ئاشکراى هەبووە کە لەگەڵ ئارامى و ئاسایشە لە هەرێمى کوردستان، بەتایبەت تەباى نێوان یەکێتى و پارتى، بەڵام بونى دوو کاندید بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار ناتەبایى دروستکردووە، بۆیە ئێران هەوڵ دەدات نزیکبونەوە بکرێت و بەیەک کاندیدەوە بچنە بەغداد.



هەروەک رونیشى کردەوە، ئەم هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەى نێوان حەلبوسى و سەدر و پارتى نیگەرانییەکى دیکەیە بۆ ئێران، چونکە ئێران لەگەڵ ئەوە نەبوو کورد بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییە تا ئەوکاتەى نێوماڵى شیعە بەیەکەوە نەبێت.

نازم دەباغ جەختیشى کردەوە، ئێران لەگەڵ ئەوەیە ئارامى و ئاسایشى عێراق بپارێزێ، بەڵام ئەگەر لایەنێکى شیعە بیەوێ زۆرینە بێت و لایەنەکانى دیکە فەرامۆشبکات بەدڵنیاییەوە نیگەران دەبێت.