01:30 - 23/12/2021
به‌ڵێن ئیسماعیل: به‌پێی به‌دواداچونه‌كانمان داهات نزیكه‌ی تریلیۆنێك دیناره
لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان، له ماوه‌ی رابردوودا ورده‌كاری داهاته و خه‌رجیه‌كانی
له حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرت، به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ی ده‌ڵێت: كۆی
داهات نزیك ده‌بێته‌وه له یه‌ك ترلیۆن دینار.
لیژنه‌ی دارایی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، راسپێردران بۆ ئاماده‌كردنی
راپۆرتێك له‌سه‌ر داهات و خه‌رجیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ستافی وه‌زاره‌تی دارایی
و كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند له كه‌رتی نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگ و به‌ڕێوه‌به‌رانی
بانكه‌كانی مناره و هه‌رێم له هه‌ولیر و سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژمێریاری
كۆبونه‌وه.
به‌ڵێن ئیسماعیل،
ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان به "په‌یسه‌ر"ی وت هه‌رێمی كوردستان چوار سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی هه‌یه، ئه‌وانیش
17 ملیۆن دۆلار یارمه‌تی هاوپه‌یمانانه بۆ لیوا هاوبه‌شه‌كانی پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ
200 ملیار دیناری به‌غدا. له‌گه‌ڵ داهاتی نه‌وت و ناوخۆ.
له‌باره‌ی داهاتی
نه‌وته‌وه، وتی: داهاتی نه‌وت له مانگی یه‌كی ئه‌مساڵ 322 ملیار دینار بووه، به‌هۆی
به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وته‌وه، له مانگی 10 و 11، داهاتی نه‌وت به‌رزبوه‌ته‌وه
بۆ 512 ملیار دینار، كه ئه‌مه‌ش سه‌دا 42ی داهاتی نه‌وته، سه‌دا 58 نه‌وت له خه‌رجی
كۆمپانیاكان و ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت ده‌ڕوات.
به‌ڵێن ئیسماعیل، لیژنه‌كه‌یان
تێبینی له‌سه‌ر زۆری خه‌رجی كۆمپانیا و پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت هه‌یه
و "رێژه‌یه‌كی زۆر زۆره، داوامان كردووه وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان له‌مباره‌یه‌وه
به وردی به‌دواداچوون بكات له‌سه‌ر خه‌رجیه‌كانی بواری نه‌وت.
له‌لای ئێمه‌ی په‌رله‌مانتاران
ئه‌و رێژه زۆره‌ی خه‌رجی كۆمپانیاكان و ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت جێگه‌ی پرسیاره".
وتیشی: داهاتی
ناوخۆ به تێكڕا 217 ملیۆن دۆلاره، كه پێكدێت له داهاتی گومرگ و باج و رسومات.
ئه‌م پاره‌یه سه‌دا 15 به چه‌كه واته له نێوان دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا به‌كاردێت
له‌سه‌دا 85ی به كاش ده‌چێته به‌رده‌م وه‌زاره‌تی دارایی.
به‌ڵێن ئیسماعیل
وتییشی: به‌هه‌ر چوار سه‌رچاوه‌كه حكومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی 688 ملیۆن دۆلاره كه
نزیك ده‌بێته‌وه له تریلیۆنێك دینار. رونیكرده‌وه، له‌م پاره‌یه 622 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچه ده‌ڕوات، كه خۆی ده‌دات له نزیكی 902 ملیار دیناری مانگانه، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه خه‌رجده‌كرێت بۆ بودجه‌ی ته‌شغیلی و كاروباره‌كانی حكومه‌ت.