06:55 - 01/11/2021
ملیۆنێك و 21 هەزار پێوەر بەستراون
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا، رایگەیاند: زیاتر لە (1,021,000) پێوەری زیرەک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەستراون و دەکاتە %68. دەشڵێت: ١٧ تا ١٨ کاتژمێر کارەبا دراوە بەهاوڵاتیان.
كامیل قەزار ئاشكرایكرد، ملیۆنێک و 500 هەزار پێوەری زیرەك بە بڕی 253 ملیۆن دۆلار بۆ بەستنی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا دابین کراوە.
وتیشی "تا ئێستا لە قوناخی یەکەمدا، 350 هەزار پێوەری زیرەک بە پرۆسەی لینکینگ بەگەڕخراون و بە پێی ئەم پێوەرە، کارەبای هاوبەشان دەخوێندرێتەوە".
ئەو بەرپرسەی كارەبا دەڵێت "لە ماوەی ئەمساڵ بەشی هاردوێری پرۆژەکە (بەستنی پێوەرەکان) تەواو دەبێت و لە ساڵی ئایندەش بەشی سۆفت وێرەکەی (بەگەر خستنی پێوەرەکان) تەواو دەبێت".
بەهۆی پێوەری زیرەکەوە:
- کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت.
- سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا چارەسەر دەبێت.
- بۆ خوێندنەوەی پێوەری کارەبا ناچینە ناو ماڵان و مانگانە پسولەی کارەبا چاپ دەکرێت و دەدرێتە هاوبەشانی کارەبا.
- سیستەمی کارەبا سەقامگیر دەبێت.
- گۆڕەرەکانی کارەبا بە تایبەتی لە زستاندا لە سوتان و دەستکاری کردن دەپارێزرێن.
- توانایی سنووردارکردنی بڕی پێدانی ئەمپێری کارەبا هەیە.
كامیل قەزاز، رونیكردەوە، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم 6,900 مێگاواتە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی 3500 تا 3800 بەرهەم دێنین.
لەبارەی دۆخی كارەباشەوە وتی "سێ سەعات و نیو ماوەی پێدانی کارەبامان زیاتر کردووە و لە نێوان 17-18 کاتژمێر کارەبا دراوە و هەوڵ دەدەین لە وەرزی زستان لەسەر ئەم باشبوونەی دۆخی کارەبا بەردەوام بین".