کوردستان

11:51 - 28/10/2021

زیاتر لە ٦٠ کۆمپانیا و وەبەرهێنەری کوردستان لە بەغدان‌

پەیسەر

ئه‌له‌ند مه‌حوی

بەپێی ئامارێکی نا رەسمی لە ئێستادا زیاتر لە ٦٠ کۆمپانیا و وەبەرهێنەری کوردستان لە بەغداد، لە بوارەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی وەبەرهێنان دەکەن، ئەمە جگە لەو سەدان بازرگانەی کە بەردەوام بازرگانی لەگەڵ بەغدا دەکەن.

ئێستا بەغدا سەرەڕای هەموو تەنگژە سیاسی و ئەمنی و مەزهەبییەکان، پڕ قازانجترین پارێزگای عێراق بۆ وەبەرهێنان و لە پێش نەجەف و بەسرە و هەولێرەوەیە.

بەم هۆیەشەوە هەندێک لە وەبەرهێنەرە کوردەکان دەیانەوێت ئەو دەرفەتانەی لە بەغدا هەن بیانقۆزنەوە، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەهۆکارەکانی وەک (قەیرانی دارایی، تەداخولی حزبی و سەرانەسەندن، نەبوونی سیستمی بانکی، گەندەڵی،...) پاشەکشەی کردووە.


ئەوەی زیاتر جێگەی سەرەنجە، پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە بەغدا، کە وەبەرهێنەرە کوردەکان بونیادی دەنێن، زیاتر جێگەی متمانەن لە لایەن خەڵکی بەغداوە، چونکە لە راستیدا وەبەرهێنەرە کوردەکان بە واقعی مەبەستیانە لە پرۆژەکانیاندا سەرکەوتووبن و قازانج بکەن.


ئێستا بەغداد لەسەر رێگەی بوژانەوە و گەشەکردنە، بەرەوپێشچوونی گەورە لە بواری بیناسازی ئەو شارەدا روویداوە، ئەگەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ئەو شارە بەرەو باشی بڕوات، (کە زۆر قورسە)، بە دڵنیاییەوە وەبەرهێنەران روو لە بەغدا دەکەن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان روو لە لاوازی دەکات.