کوردستان

01:18 - 24/10/2021

ئەم مانگە نزیكە 400 كەس بە كۆرۆنا مردون‌

پەیسەر

لە هەرێمی كوردستان مردن بە كۆرۆنا لە ئاستێكی مەترسیداردایە، لە ماوەی 23 رۆژی ئەم مانگەدا نزیكەی 400 كەس لە توشبووانی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی بەدواداچوونی "پەیسەر" لە یەكی مانگەوە تاوەكو راگەیەندراوی دوێنێ‌ شەممە 23ی مانگ، لە هەرێمی كوردستان 391 كەس لە هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماڵئاواییان لە ژیان كردووە.

ئەگەر ئەم ژمارەیە دابەشی رۆژەكانی بكرێت، رۆژانە 17 كەس بە كۆرۆنا گیان لە دەستدەدەن، كە ئەمەش بەراورد بە پارێزگاكانی عێراق رێژەیەكی زۆر بەرزە.

لەم رێژەیەدا زۆرترینیان لەناو شاری سلێمانی بوون، كە 115 حاڵەتی گیان لەدەستدا تۆماركراون.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە تا دوێنێ‌ شەممە، لە هەرێمی كوردستان شەش هەزار و 265 كەس بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی دەستەی ئاماری هەرێم بۆ ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 كەسە، بەو پێیەش بێت لە هەر960  كەسێك یەكێكیان بە كۆرۆنا دەمرێت.

ئەمڕۆ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداریدا لەهەڵكشانی زیاتر كۆرۆنا وتی" "گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا بە رێژەی سەدا نۆزدە زیادیکردووە".

وه‌زیری ته‌ندروستی، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ڤاکسین بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و ئەو کەسانەی لە شوێنە داخراوەکان کاردەکەن، دەکرێتە ناچاری و رەتیشکردەوە دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن.