کوردستان

10:19 - 18/10/2021

له‌ به‌غدا و سلێمانی دانوستانه‌‌

پەیسەر


هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كارێكی ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ دانوستان و گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، له‌ سلێمانی هێزه‌ كوردییه‌كان و له‌ به‌غداش موقته‌دا سه‌دری براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن ده‌ستی به‌ جوڵه‌ كرد.

بڕیارە ئه‌مرۆ شاندێكی پارتی ديموكراتى كوردستان سەردانی سلێمانی بكات، لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست كۆببێته‌وه‌.


ئه‌مه ده‌بێته‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌و دیداری نێوان لایه‌نه‌كان له‌ دوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌مین بابه‌شێخ وتەبێژی یەكێت رایگه‌یاند: بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەكان ئێمە دەستپێشخەری خۆمان دەكەین وپێشوازی لە هەر دەستپێسخەریەک دەکەین بۆ دانوستاندن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ پایته‌ختی ناوه‌ندی سه‌ره‌كی دانوستانه‌كانه‌وه‌، جموجوڵ ده‌ستیپێكردووه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا، بۆ دیدار له‌گه‌ڵ سیاسیه‌كان و سه‌رپه‌رشتی دانوستانی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن.

ریاز مه‌سعودی، سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتی سه‌در، رایگه‌یاند: ره‌وته‌كه‌یان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی سیاسی به‌هێز، كه‌ توانای راگه‌یاندنی حكومه‌تی نوێی هه‌بێت له‌ نزیكترین كاتدا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ره‌وتی سه‌در پلانی ستراتیژی و مه‌نهه‌جی روونی هه‌یه‌ بۆ قۆناغی داهاتوو.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كاردانه‌وه‌ و پێشهاتی نوێ له‌ ئارادان به‌هۆی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، پێشبینی گرژیی زیاتر ده‌كرێت، هاوپه‌یمانی فه‌تح كه‌ زۆربه‌ی میلیشیا شیعه‌كان له‌ خۆده‌گرێت ئه‌نجامه‌كانی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كردووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو كۆمسیۆن پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌نجامه‌كاندا نه‌كات.