10:12 - 17/10/2021
گۆڕان بە شاندێكی نوێ پێشوازی لە پارتی دەكات
بڕیارە ئهمڕۆ شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی كۆدەبێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی "پەیسەر" لەسەرچاوەیەکی ئاگاداری گۆڕانەوە دەستی کەوتووە، ئهمرۆ شاندەکەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی مەکۆی سەرەکی، لەئاستی جڤاتی نیشتمانی پێشوازی لە شاندەکەی پارتی دەکەن کە بریتین لە بەختیار عومەر سەرۆکی شاندی گۆڕان و رێکخەری ژوری پەیوەندییە سیاسیەکان، کاردۆ محەمەد رێکخەری ژوری پەڕلەمان، دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی، هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندی دیبلۆماسی.
بەپێی زانیارییەكان شاندەكەی پارتی لەلایەن فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، هەریەك لە مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی و عەلی حسێن و پشتیوان سادق، ئەندامانی سەركردایەتی، ئەندامن.
شاندەكە لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، دواتر سەردانی یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست دەكات.
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و کەپێکدێ لە حەوت کەس بە رێکخەری گشتییەوە، هەفتەی رابردوو دەستیان لە ئەندامێتی خانە کێشایەوە، ئەوەش وەک لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند؛ بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە.
لە بەیاننامەكەشدا ئاماژەبەوەكرابوو، ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی دەکەین.