06:45 - 13/01/2019
دوای هۆشداریەكەی پارتی سبەینێ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە
دوای ئەوەی پارتی هۆشداری دایە یەكێتی بڕیارە سبەینێ هەردوو حزب كۆببنەوە
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداری دایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە تا رۆژی سێ شەممە چاوەڕێی دەكات و دوای ئەوە هەنگاوی تر دەگرێتەبەر، رۆژی یەك شەممە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پارتی ئاگاداركردۆتەوە كە ئامادەن بۆ كۆبونەوە، و بەرەزامەندی هەردوولاش رۆژی دووشەممە و شاری هەولێر بۆ بەرێوەچوونی كۆبونەوەكە دیاریكراوە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت پارتی دیموكراتی كوردستان بە یەكێتی گوتووە ئەگەر تا سێ شەممە یەكێتی و پارتی كۆنەبنەوە، ئەوە رۆژی چوارشەممە پارتی لەرێگەی سەردانی وەفدێكی بۆ سلێمانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەست پێدەكاتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرچاوەكە پارتی هەرەشەی ئەوەشی كردبوو كە ئەگەر یەكێتی نەیتەپێشەوە ئەوە پارتیش لەو نەرمی نواندنەی بەرامبەر یەكێتی پاشەكشە دەكات كە پێشتر هەیبووە بەتایبەت دەربارەی پۆستەكان چونكە پارتی پێی وایە ئەو پۆستانەی یەكێتی داوایان دەكات لەژمارەی كورسیەكانی زیاترە بەڵام پارتی ئامادەبوو چەند پۆستێك لەپشكی خۆی بداتە یەكێتی..