کوردستان

05:32 - 13/01/2019

حكومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان پیشاندا‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان پیشاندا و تەنها ئەوەماوە رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بەنێوەندگیری هێزەكانی ئەمریكا، لەسەرگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان رێككەوتوون، تەنها ئەوەماوە رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوری ناوچە جێناكۆكەكان نەماون، دوای چەندین هەوڵ و گفتوگۆ و دانیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، هیچ رێكەوتنێك بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەو ناوچانە بەدینەهات.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕێی گەیشتنی وەفدێكی وەزارەتی بەرگری عێراقە بۆ شاری هەولێر بۆ ئەوەی رێككەوتنی كۆتایی بكرێت و دەست بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكرێت.
رەزامەندی حكومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە لە كاتێكدایە كە ئێستا هێزێكی ئەمریكا لە ناوچەی كەی وەن لە شاری كەركوك جێگیركراون و هەروەها هێزەكانی حەشدی شەعبیش لەو شارە كشانەوە.