03:10 - 13/01/2019
بەهۆی بارزانیەوە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی هەڵدەوەشێتەوە
پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لە نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆسرەت رەسوڵ جێگرسی سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی، دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، بڕیاربوو رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەمەبەستی دیاریكردنی شاندی دانوستانكاری حزبەكەیان لەگەڵ پارتی و دەنگدان بۆ كاندیدی پۆستەكان كۆببێتەوە.
گومانی بنەماڵەی تاڵەبانی ئەوەیە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی و پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتنێكی ژێر بەژێریان هەبێت
بەپێی زانیارییەكان دوای ئاگاداربوونی بنەماڵەی تاڵەبانی ( كە ئێستا لە ململانێیەكی توندان لەگەڵ باڵی كۆسرەت رەسوڵ) لە پەیوەندییەكی تەلەفوونی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، كۆبوونەوەكە هەڵوەشاوەتەوە و دوا خراوە بۆ كاتێكی تر.
گومانی بنەماڵەی تاڵەبانی ئەوەیە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی و پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتنێكی ژێر بەژێریان هەبێت، لەسەر ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ گفتوكۆكردن لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، بۆ چارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكانی یەكێتی و دیاریكردنی ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری لەگەڵ پارتی، بڕیاربوو یەكێتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەنجام بدات، پاشان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێتەوە.
ململانێی باڵهكانی یهكێتی و ناكۆكییهكان لهگهڵ پارتی هۆكاری راوهستانی كۆبوونهكانه
یەكێك لە هۆكارەكانی راوەستانی كۆبوونەوەكانی پێكهێانی كابینەی نوێ، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلایەك و كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەلایەكی ترەوەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان ڤیتۆی لەسەر هەندێك لەو ناوانە هەیە كە بە گروپی "16ی ئۆكتۆبەر" ناوی هێناون و نایەوێت لەگەڵیان دابنیشێت.
هەرچی سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیشە باڵەكانی ئەو حیزبە لەسەر پۆستەكان و ناوی كاندیدەكان رێكناكەون و لەسەر ناوی ئەندامانی وەفدی دانوستانكاریش ململانێكی توند دروست بووە.