کوردستان

10:57 - 12/01/2019

موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەهێنرێتە دەرەوە‌

پەیسەر

پەرلەمانتارانی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەیانەوێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكێشەو ململانێكانی هەولێر بەغدا بهێننە دەرەوە، بۆ ئەوەش دەستیان بەچەند هەوڵێك كردووە.

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كورد لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پەیسەرپرێس وتی: هەوڵەكەی ئێمە بۆ ئەوەیە جارێكی تر پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەبەسرێتەوە بە كێشەو ململانێكانی نێوان هەولێر بەغدا.

ئەحمەد حاجی رەشید گوتیشی: ئەگەر لەهەوڵەكە سەركەوتووبین‌و لەپەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو بڕگەیە بدرێت، لەپرۆژە یاسای بودجەی عێراق، ئەوە پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابەسرێتەوە بەهەناردەی نەوت لەلایەن هەولێرو رادەستكردنی داهاتەكەی بە بەغدا.

حكومەتی عێراق لەساڵی 2013وە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە، ئەوەش بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ هەولێر، كە ئەوەی دووەم ئامادە نییە، داهاتی نەوتی رادەستی بەغدا بكات.

هاوكات لەچوارچێوەی هەوڵەكان ماددەی 10 لەبودجەی گشتی عێراق دوای خوێندنەوەی یەكەم‌و دووەم گۆڕانكاری تێداكراوە لەلایەن حكومەتەوەو خاڵی "ج"ی ئەو بڕگەیەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە دەبێت بەغدا مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

لەو بارەشەوە ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەئەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە، كە چەند گۆڕانكارییەكی "ئیجابی لەتازەترین ڤێرژنی پڕۆژە بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ كراوە".

ئامانج ڕەحیم بڵاویشیكردەوە، كە لە فەسڵی قەرەبووی فەرمانبەران، تەرخانكراوی ساڵانەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە (٣ ترلیۆن و ٨٢٨ ملیار) دینار زیاد كراوە بۆ (٥ ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار ) دینار، واتە لە (٣١٧ ملیار دینار ) مانگانە زیادكراوە بۆ (٤٥٤ ملیار دینار) مانگانە واتە بە جیاوازی ١٣٧ ملیار دینار مانگانە".

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ موچەی پێشمەرگە لەسەر بودجەی سوپای عێراق دیاریكراوە، نەك لەسەر موچەی فەرمانبەران ئەوەش گرنگە و دەشڵێت: "نەبەستنەوەی خەرجكردنی موچەی موچەخۆران و موچەی پێشمەرگە بە پابەندبوونی ھەردوو حكومەت بە ئیلتیزامیی نەوتی نێوانیان، یەكێكی دیكەیە لەگۆڕانكارییەكان.

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق كۆببنەوەو تاوتوێی داهاتی نەوت‌و ئەو بڕگەیە بكرێت، كە تایبەتە بەفەرمانبەرانی هەرێم، بۆ ئەوەی ئەو برگەیە نەبەسرێت بەرادەستكردنی داهاتی نەوت لەلایەن هەولێرەوە.