کوردستان

08:39 - 11/01/2019

هەوڵێكی دیكەی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان‌

پەیسەر

یەكێتی دواهەوڵی كۆبونەوە لەگەڵ گۆڕان دەدات پێش ئەوەی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كۆببنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەمیانی سەردانەكەی رۆژی پێنج شەممە بۆلای هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی داوای لێكردووە هەوڵ بدات بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە پێش ئەوەی یەكێتی و پارتی دەست بەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت بكەنەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت پێشتریش لەرێگەی یوسف محەمەد یەكێتی هەوڵی كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەروەها هەریەك لەكۆسرەت رەسوڵ و لاهورشێخ جەنگیش بۆ هەمان مەبەست پەیوەندیان بە چەند سەركردەیەكی گۆرانەوە كردووە.

سەبارەت بە وەڵامی گۆڕانیش سەرچاوەكە دەڵێت، بەیەكێتیان گوتووە ئەوان بەبێ یەكێتی بەشداری حكومەت ناكەن، بەڵام نایانەوێت ئەمە رابگەیەنن بۆ ئەوەی پارتی وەك فشار لێكی نەداتەوە، بەڵام ئامادەنین لەگەڵ یەكێتی كۆببنەوە،  یه‌كێتیش له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی گۆڕانه‌ نیگه‌رانه‌.

بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی دەباشانیان لەنێواندایە، بەڵام گۆڕان یەكێتی بەجێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە تۆمەتبار كرد و بەهۆیەوە رێككەوتنەكە هەڵپەسێردرا.