کوردستان

02:39 - 10/01/2019

زانیارییه‌كان له‌باره‌ی چوونی فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق بۆ كه‌ركوك‌

پەیسەر

فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق، سەردانی شاری كەركوك، ئەوەش دوای ئاڵۆزبوونی دۆخی شارەكە.

 فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی، بەیانی رۆژی پێنج شەممە چووە شاری كەركوك، كە سەردانەكەی چاوەڕواننەكراو بوو، كە بەفڕۆكەیەكی سەربازیش چووەتە شارەكە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی بەرپرسی كورد لەناو هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقی بۆ پەیسەر پرێس، فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی بەفەرمانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق چووەتە شاری كەركوك.

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، عادل عەبدولمەهدی، وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق زانیاری لەسەر دۆخی ئەمنی كەركوك پێگەیشتووەو دەیەوێت لەرێگەی ئەو فەرماندەوە دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكات، چونكە ئەگەری هەیە لە دەست دەربچێت.

سەردانی فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی لەكاتێكدایە، كە دۆخی پارێزگای كەركوك بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، ئەوەش پاش بڕیاری یەكێتی نیشتمانی بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی.
یەكێتی نیشتمانی شەوی سێشەممەی رابردوو ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگا حیزبییەكانی لەشاری كەركوك هەڵكرد، ئەوەش ناڕەزایی لایەنە شیعی و سونییەكانی لێكەوتەوە، لەو بارەشەوە راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
راكان جبوری رۆژی چوارشەممە هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەلایەن یەكێتییەوە لەسەر بارەگای حیزبەكەی لەكەركوك بە "موزایەدەی سیاسی" ناوبرد و داوای ناردنی هێزی زیاتری لە بەغداوە بۆ شارەكە كرد.

پارێزگاری كەركوك داواشی لەبەرپرسانی یەكێتی كرد، ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگای حیزبەكەیان لە كەركوك دابگرن ئەوەش لەپێناوی پاراستنی ئاسایش‌و هۆشداریدا لەئەگەری هەر رووداوێك، ئەوان بەرپرسیار دەبن.