02:13 - 24/01/2021
حكومەتی هەرێم ئاگادارینامەیەك دەداتە كونسوڵگەری ئێران
حكومەتی هەرێم لەبارەی كورتە فیلمەكەی شەڕی مەخمور ئاگادرینامەیەكی ناڕەزایەتی دەداتە كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وسەركونسوڵی ئەو وڵاتەش دەڵێت، قاسم سولەیمانی رێزێكی گەورەی بۆ سەركردەكانی هەرێم هەبوو.
سەفین دزەیی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگهیاند، ناڕەزایەتی هەرێمی كوردستانمان گەیاندە كۆماری ئیسلامی ئێران و ئاگادارینامەیەكمان داوەتە سەركونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر، ئێمە پەیوەندییەكی دۆستانە و دێرینمان لەگەڵ ئێران هەیە و ناكرێت رێگە بەو جۆرە شێواندنانەی روداوەكان بدرێت.
لای خۆیەوە، نەسروڵڵا رەشنودی، سەركونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر ڕایگهیاند، بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەو فیلمە نین و لێكۆڵینەوە لە بەرهەمهێنانی دەكەین و بارزانیش دەزانێت كە ئێمە دژیین.
وتیشی، قاسم سولەیمانی رێزێكی گەورەی بۆ سەركردەكانی هەرێم هەبو، بە هەمانشێوە ئێران پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ سەركردەكانی كورد هەیە، و هەندێك لایەن دەیانەوێت پەیوەندیەكانمان تێكبدەن.
ئهوهش دوای ئهوهدێت، كه دوو رۆژ پێش ئێستا فیلمێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرایەوە لەبارەی رووداوی پاراستنی هەولێر لە شەڕی داعش، فیلمەکە لەلایەن دامەزراوەی فەرهەنگی مەسیر بەرهەمهێنراوە کە لەلایەن "رێکخراوی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران"ەوە سەرپەرشتی دەکرێت، رێکخراوەکەش راستەوخۆ لەژێر چاودێری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
هەروەها لە کۆتایی فلیمەکەشدا سوپاسی نووسینگەی حاجی قاسم سولەیمانی، سوپای پاسداران، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەرپەرشتیاری تەلەڤزیۆنی ئێران، وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت.