کوردستان

11:01 - 09/01/2019

دوای جێگیركردنی هێزه‌كه‌ی ئه‌مریكا هیچ هێزێكی حەشد لەناو كەركوك نەماوە‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی سه‌ر به‌ سوپای ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی كه‌یوه‌ن له‌ شاری كه‌ركوك جێگیكران، له‌ ئێستادا هیچ هێزێكی حەشدی شەعبی لەناو ئه‌و شاره‌ نەماوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی ده‌ست پەیسەرپرێس كەوتووە، به‌جێگیربوونی هێزێكی سوپای ئه‌مریكا، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوری شاری كه‌ركوك نه‌ماون و شاره‌كه‌ و ده‌وربه‌ریان چۆڵكردووه‌.

هه‌روه‌ها لەئێستادا تەنها پۆلیسی خۆجێی و هێزی دژەتیرۆری عێراق لەناو شاری كەركوك ماون و هێزەكانی فیرقەی زەهەبیش لەدەوروبەری شارەكەن.
به‌پێی زانیارییه‌كان به‌ فه‌رمانی حكومه‌تی عێراق هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ره‌و شاری تكریت گواستراونه‌ته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری شاری تكریت جێگیركراون.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هێزه‌كان ده‌چنه‌ ناو شاری تكریت و زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن خواستی ئه‌و هێزانه‌ وا بووه‌ بچنه‌ ناو شاری تكریت، به‌ڵام له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه‌ رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ بچنه‌ ناو شاره‌كه‌ و له‌ده‌وربه‌ری شاره‌كه‌ جێگیركراون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ترسی ئه‌مریكا له‌ دروستبونی پشێوی له‌ناو تكریت له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی شیعه‌یه.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوری تكریت بۆ په‌یسه‌رپرێس باسی له‌وه‌كرد، دۆخی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوری تكریت خراپه‌ و تەنانەت بەشێك لەچەكدار و بەرپرسەكانیان ئەركەكانیان جێهێشتووە و رۆیشتوونەتەوە ماڵەوە.