کوردستان

01:25 - 02/01/2021

هەولێر یەك بژاردەی لەبەردەمدا ماوە و پێكهاتەی وەفدی هەرێمیش بۆ بەغداد حیزبەكانی كوردستان دابەش دەكات‌

پەیسەر

بڕیارە لەم رۆژانەدا وەفدی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، ئەگەرچی هێشتا پێكهاتەی وەفدەكە نادیارە، بەڵام لایەنە سیاسییەكان لە ناوخۆی هەرێم گرفتیان هەیە لەبارەی چۆنێتی پێكهاتە و شوناسی وەفدەكە و بەشێكیان دەیانەوێت وەفدی سیاسی چارەسەری كێشەكان بكات و بەشێكیشیان دەیانەوێت حكومەت رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكات.
پەیسەریش زانیاری هەیە كە هەرێمی كوردستان تەنها یەك بژاردەی لەبەردەمدا ماوە ئەویش رادەستكردنی 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانە.


وەفدی حكومی
بەپێی زانیارییەكان بڕیارە لەم رۆژانەدا وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ بەغداد و دواین كۆبوونەوەكانی لەبارەی پرۆژەبودجەی ساڵی 2021 لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامبدات.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر كە لە سەرچاوەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دەستیكەوتووە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها یەك بژاردەیان لەبەردەمدایە ئەویش رادەستكردنی بڕی 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكانە.
لە بەرامبەر ئەم بژاردەیەشدا حكومەتی عێراق ئامادەیە مانگانە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات و حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای 900 ملیار دیناری مانگانە دەكات.

وەفدی سیاسی
هاوكات یەكێك لە مژارە گەرمەكانی ئێستا كە تا رادەیەكی زۆر لەناو هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكاندا رای جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان وەفدێكی سیاسی رەوانەی بەغداد بكات، بۆ ئەمەش چ لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان و چ لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بۆچوونی جیاواز هەیە بەشێكیان پێیانوایە كە بەرپرسیارێتی رێككەوتن و چارەسەری كێشەكە بدرێتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشێكیشیان فشار دەكەن كە بە رێگای سیاسی رێككەوتنەكە ئەنجام بدرێت.